ناکۆکییەکانی نێو بزووتنەوە دەبنە هۆی دروستبوونی چوارەم حیزبی ئیسلامی لە کوردستان

03-10-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن حیزبی ئیسلامی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان (باڵی کامیل عەلی) بایکۆتکردنی کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی کە بڕیارە ئەمڕۆ لە سلێمانی بکرێت، راگەیاند و دروستکردنی حیزبێکی نوێی بەناوی "پەیوەندیی ئیسلامی" ئاشکرا کرد، کە ناوی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامیی ئێستایە. 
 
ئەندامێکی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی (باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز)، دەڵێت "ئەمڕۆ کۆنگرەی دامەزراندن دەکرێت و ئەنجوومەنی شوورا و رابەر هەڵدەبژێردرێن و پەیڕەویش پەسند دەکرێت."
 
لە چوارچێوەی پەرەسەندنی کێشە نێوخۆییەکانی هەردوو باڵەکەی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، ئەمڕۆ (سێشەممە، 3-10-2023) باڵی کامیل حاجی عەلی بایکۆتکردنی کۆنگرەیان راگەیاند و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، گۆران نووری، ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبە "باڵی کامیل حاجی عەلی"، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی باڵەکەیان رایگەیاند "بەشداریی کۆنگرەی ئەمڕۆ ناکەن" و ژمارەیەک هۆکاری بە پاساو هێنایەوە و رابەری ئێستای بزووتنەوەی ئیسلامی (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز)ـیشی بە "ساختەکاری و شاردنەوەی راستییەکان' تۆمەتبارکرد.
 
گۆران نووری گوتی "کۆمیسیۆن لە نایاساییبوونی مەرجەکانی کۆنگرە ئاگادارکراوەتەوە، لەوانە 2254 کەس واژۆیان ساختەکراوە و ژمارە 476ـی کۆمیسیۆنیان شاردووەتەوە، کە باس لە هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرە دەکات، جگە لە سڕینەوەی کۆمەڵێک ناو و زیادکردنی ناوی دیکە، لەوانەی کە بەشداریی کۆنگرە دەکەن، هەروەها شکاندنی پەیڕەوی ناوخۆشی تێدایە." 
 
نزیکەی دوو ساڵ دەبێت هەردوو باڵەکەی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان کێشە و ناکۆکییان هەیە، بەتایبەت لەسەر پۆستەکان، رەوایەتیی رابەڕایەتی و چەند پرسێکی سیاسیی و رێکخراوەیی، بەڵام لە کۆنگرەی 12ـی ئەو حیزبە لە شوباتی ساڵی رابردوو کێشەکان تەقینەوە، دوای ئەوەی کێشە لەسەر پۆستی رابەر دروستبوو و هەردوو باڵەکە یەکتر بە ناڕەوایەتی تۆمەتباردەکەن.
 
بڕیاربوو رۆژی شەممەی رابردوو، 30ـی ئەیلوول لە سلێمانی کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی لەسەر بڕیاری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان ببەسترێت، کۆنگرەکە بەهۆی بایکۆتکردنی باڵی کامیل حاجی عەلییەوە بۆ ئەمڕۆ سێشەممە دواخرا، بەڵام ئەمڕۆش ئەو باڵە بایکۆتیان کرد.
 
عیرفان عەبدولعەزیز کە خۆی بە رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی دەزانێت، ئەمڕۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا کە تۆڕی میدیایی رووداو گواستییەوە رایگەیاند "دیارە کاری رێکخراوەیی و حیزبی کارێکی خۆبەخشانەیە، کەس بەزۆر ناتوانێت کەس بهێنێتە ناو حیزبێک یان خوا نەخواستە کەس دەربکات، دەرگای ئێمە کراوەیە هەرکەسێک دێت هەر کەس نایەت ئازادە، سەبارەت بەخۆمان پشتیوان بەخوا ئەمڕۆ کۆنگرەکە تەواو دەبێت." 
 
دوای کۆنگرەی پێشوو کە 5ـی شوباتی 2022 لەژێر ناوی کۆنگرەی 12 بەڕێوەچوو، ناکۆکی کەوتە نێوانی عیرفان عەبدولعەزیز و کامیلی حاجی عەلی و لە رێوڕەسمی جیادا هەردووکیان خۆیان وەکو رابەر ناساند.
 
 
سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی، ئەمڕۆ لەبارەی کۆنگرەکەوە گوتی" کۆنگرە دەکرێت و زیاتر لە هەزار ئەندام بەشدار دەبن، رابەر و ئەنجوومەنی شوورا هەڵدەبژێردرێن، هەروەها پەیڕەویش دەنگی بۆ دەدرێت و پەسند دەکرێت."
 
گۆران نووری، ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد؛ چاوەڕوانی تانەکانیان و ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکانن لە کۆنگرە و پڕۆژەی حیزبێکیشی بەناوی "بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی کوردستان" راگەیاند کە بە گوتەی ئەو، رێوشوێنی یاسایی دەگرنەبەر بۆ تۆمارکردنی وەکو لایەنێکی سیاسی.
 
لە دوایین کۆنگرەی حیزبەکە 277 ئەندام دەنگیان بە كامیل حاجی عەلی نەدا، بەو شێوەیەش عیرفان عەبدولعەزیز بۆ ساڵی نۆیەم و بۆ جاری سێیەم بووەوە رابەری گشتیی بزووتنەوەکە، هەرچەندە خۆیشی بەربژێر نەکردبوو.
 
محەممەد بازیانی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی (باڵی کامیل حاجی عەلی)، ئەمڕۆ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ناوی بزووتنەوە نوێیەکەیانەوە کە کار بۆ دامەزراندنی دەکەن رایگەیاند "ناوی یەکەمی بزووتنەوەی ئیسلامیی ئێستایە و ناوەکە لەساڵی 1978، دواتر لە ساڵی 1987 ناوەکەی بۆ بزووتنەوەی ئیسلامیی ئێستا گۆڕا".
 
محەممەد بازیانی گوتی "ئێمە، لە ئەمڕۆ بەدوادوە بەو ناوەوە کاردەکەین و پڕۆژەی ئەو حیزبە لە داهاتوودا رادەگەیێنین و ئامانجمان ئەوەیە ئەو حیزبە دەگەڕێنینەوە بۆ ئەو بزووتنەوەیە و رەگ و ریشەی خۆی."
 
 
رۆژی 05-02-2022 دوانزەیەم کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو کە تەنیا کامیل حاجی عەلی خۆی بۆ پۆستی رابەری گشتی بەربژێر کردبوو. 
 
دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، کامیلی حاجی عەلی نەیتوانی 50+1ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەوەش نەیتوانی ببێتە رابەری نوێی بزووتنەوەکە و، تەنیا 265 دەنگی بەدەستهێنا. دواتر هەرچەندە عیرفان عەبدولعەزیز خۆی بەربژێر نەکردبوو، بەڵام بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە، زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە رایان سپارد جارێکی دیکە ئەو ئەرکە بگرێتەوە ئەستۆ.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە