پارێزەرەکەی: ئەو قسانەی کەریم عەلی کردوویەتی ناوزڕاندنی تێدا نەبووە

03-10-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزەری کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "بە بڕیاری دادگەی لێکۆڵینەوەی قەزای کەلار کەریم عەلی ئازاد کرا و بە بڕیاری دادگەی لێکۆڵینەوەی قۆرەتوو راگیراوە". 
 
مانگی ئاب وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەپاساوی ئەوەی لە بەرنامەیەکی تۆڕی میدیایی رووداو کەریم عەلی ناوی زڕاندوون، سکاڵای لەسەر تۆمارکرد و رۆژی 25-09-2023 دادگەی لێکۆڵینەوەی کەلار دوای گوێگرتن لەو ئەندامە بڕیاری راگرتنی بۆ دەرکرد.
 
کاوە لەتیف، پارێزەری کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دادگەی لێکۆلێنەوەی قەزای کەلار  بە کەفالەتی 50 ملیۆن دینار بڕیاری ئازادکردنی بۆ کەریم عەلی دەرکرد، بەڵام لەسەر هەمان بابەت دوو سکالای دیکەی لەسەرە، یەکێک لەلایەن سەرپەرشتیاری دەروازەی پەروێزخانە و ئەوی دیکە لەلایەن گومرگی پەرویزخان، بۆیە ئەمڕۆ دوای ئازادکردنی لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی قۆرەتوو راگیرا."
 
بە گوتەی کاوە لەتیف، رۆژی چوارشەممە کەریم عەلی دەچێتە پێش دادوەری دادگەی قۆرەتوو و دواتر لەوێش داوا دەکەن بە کەفالەت ئازاد بکرێت و دەشڵێت، "هەر سێ سکاڵاکە لەسەر یەک بابەتە، بۆیە دوای ئازادکردنی هەوڵدەدەین هەموو دۆسیەکان یەکبخەین، چونکە ناکرێت لەسەر یەک بابەت سێجار دادگایی بکرێت. ئەو قسانەش کە کردوویەتی ناوزڕاندن نەبووە و ناچێتە چوارچێوەی تاوانەوە ئەو بابەتانەی باسی کردووە لەبارەی قاچاخچێتی راستین."
 
رۆژی 17-08-2023 کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: "11ـی ئاب لیژنەیەک لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە سەردانی دەروازەی پەروێزخانی کرد بۆ چاودێریکردنی دەروازەکە، بەڵام چەندین تانکەر لە لیژنەکە شاردرابوونەوە. لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانەی کە کاری گواستنەوەی نەوت و پاشماوەی پاڵاوگەی نەوی دەکەن رۆژانە نزیکەی 700 بۆ 800 تانکەر لە دەروازەکەوە دەچنە دیوی ئێران."
 
کەریم عەلی گوتبووشی، "بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی بۆ ئێمە نێردراون، ئەو رۆژەی لیژنەکە هاتووە، ئەو تانکەرانە لەو ناوچەیە ونکراون و کراونەتە دیوی ئێران؛ ئەوانەش کە نزیک بوون لە دەروازەکە، ئاگادارکراونەتەوە کە لەوێ نەمێنن و بچنە ئەو رێگانەی لە دەروازەکەوە دیارنین. ئەو شتانەی لە دەروازەکەوە دەنێردرێن نایاسایی و قاچاخن، ئەگەر وا نییە بۆچی لە لیژنە دەشاردرێنەوە؟"
 
رۆژی دووشەممە، 28-08-2023، کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی ئەو گوتانەم لەبارەی شاردنەوەی تانکەرەکانی پەروێزخان لە کەناڵی رووداو، وەزارەتی دارایی بەگوێرەی مادەی 2ـی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووم."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.

سۆزان مەنسوور: وەکو کەرکووک ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوەی کورد و خۆتۆمارکردنیان لە خانەقین نەکرابوو

نوێنەرێکی خانەقین لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: ئەو هەڵمەت و ئامادەکارییەی بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانییانی کورد و خۆتۆمارکردنیان لە سەرژمێری لە کەرکووک کرا بۆ خانەقین و پارێزگای دیالە نەکران و لە پرۆسەکەدا لەو ناوچانە چەندین گرفت بۆ تۆمارکردنی کورد دروستکران.