بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ کامیل حاجی عەلی: پەلەتان کرد و ناتوانن ببنە خاوەنی ئاڵا و مێژووی بزووتنەوە

03-10-2022
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان وەڵامی کامیل حاجی عەلی دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، "بە دەستلەملانێ لەگەڵ کەسانێکدا کە لە مێژووی بزووتنەوەدا هەمیشە سەرقاڵی دووبەرەکی و ناکۆکی بوونە لەنێو ریزەکانی بزووتنەوەدا، جارێکی دیکە هەوڵی لێکترازانیان دایەوە".
 
ئەمڕۆ دووشەممە 03-10-2022 ئەنجوومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری گشتیی کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی کامیل حاجی عەلی و سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەیان دایەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12 لە رووی شەرعی، یاسایی و سیاسییەوە، قبووڵکراوە و کۆتایی پێ هاتووە. ئەوانەی ئێستا بە بزووتنەوەی ئیسلامی رازی نین، رێگەیەکە خۆیان هەڵیان بژاردووە و "ئێمە ناوەستین لە رێبازی خۆمان".
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، یەکڕیز و تەبایی ئەنجوومەنی شوورا و ئۆرگانەکان، زامنی یەکڕیزییە "سەبارەت بەو هەڵایەی لە راگەیاندنەکان بڵاوکرایەوە، نیگەرانین، چونکە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە تەبایی و یەکڕیزییە، بەتایبەت حیزبە ئیسلامییەکان."
 
ئەنجوومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی، کە سەرجەم ئەندامەکانی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی 12ی حیزبەکەن، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بەشداربوون و لە راگەیێندراوەکەیاندا هاتووە، "چەند کەسێک کە نەیانتوانیوە متمانەی کۆنگرەی 12 بەدەستبێنن، بە دەستلەملانێ لەگەڵ کەسانێکدا کە لە مێژووی بزووتنەوەدا هەمیشە سەرقاڵی دووبەرەکی و ناکۆکی بوونە لەنێو ریزەکانی بزووتنەوەدا، جارێکی دیکە هەوڵی لێکترازانیان دایەوە، بەڵام دۆخی بزووتنەوەی ئیسلامی سەقامگیرە و هەموو رێکارێکی یاساییش دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی شکۆ و مێژوو و مەرکەزییەتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان."
 
دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 02-10-2022 ناسیح مەجید، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: کۆنگرەکە ئامانجەکەی بەدی نەهێناوە، بۆیە دوایین کۆنگرە بۆ هەڵبژاردنی رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی، بە هەڵوەشاوە لە قەڵەم دەدەن. هەروەها بۆ دروستنەبوونی بۆشایی سیاسی، یاسایی و شەرعی لە حیزبەکە، کامیل حاجی عەلی وەکو رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستنیشان دەکەن.
 
بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە، عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، دادگە دۆسیەکەی یەکلایی کردووەتەوە و رابەری گشتیی (عیرفان عەبدولعەزیز) بە شەرع و یاسا ئەو پۆستەی وەرگرتووەتەوە، "دەرگەی گفتوگۆشمان لەگەڵ هیچ موسڵمانێک دانەخستووە و ئامادەی گفتوگۆین."
 
عەبدوڵڵا وەرتی گوتی: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی شوورا بۆ تاوتوێکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئەوان بوو، بەڵام پەلەیان کرد".
 
لەبارەی بنکە و بارەگانی حیزبەکەشیان ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم بنکە و بارەگاکانمان سەر بە خۆمانن و هیچ گرفتێکمان نییە و هەموویان دەوامی خۆیان دەکەن.
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی دوێنێی کامیلی حاجی عەلیدا، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ئاڵا و لۆگۆی حیزبەکەی رادەستی کامیلی حاجی عەلی کرد و وەکو رابەری نوێ ناساندی. بەڵام عەبدوڵڵا وەرتی گوتی: "ئێمە خاوەنی لۆگۆ و ئاڵای سەرەکین، دەبێ ئەوان لۆگۆ و ئاڵای خۆیان هەبێت، ئەوکاتیش ئێمە دەچین پیرۆزباییان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین، بەڵام ناتوانن ببنە خاوەنی ئاڵا و مێژووی بزووتنەوە".
 
دوای کۆنگرەی 12ـی حیزبەکە و بەدەستنەهێنانی دەنگی 50+1ـی دەنگەکان، کامیل حاجی عەلی ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆنگرەدا پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای پێدراوە، کە هەمان دەسەڵاتی پۆستەکەی پێشوویەتی کە بەرپرسی دەستەی کارگێڕی بوو "من هیچ پۆستێکم قبووڵ نییە و دەبێ بە یاسا بیسەلمێنم کە ئەو کارە نایاساییە".
 
هەر ئەوکات بەرپرسی نووسینگەی عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بوونەوەی عیرفان عەبدولعەزیز بە رابەر، کۆتاییهاتووە و کۆنگرە بڕیاری لێداوە.
 
ئێستا بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بە رابەرایەتی عیرفان عەبدولعەزیز، بەردەوامە لە کاری سیاسی و حیزبی خۆی و گرووپێکی جیابووەوەش لەو حیزبە بە سەرۆکایەتیی کامیل حاجی عەلی خۆیان وەکو بزووتنەوەی ئیسلامی ناساندووە بە هەمان لۆگۆ و ئاڵاوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.