وەزارەتی کشتوکاڵ 7000 تۆن بنەتۆو دەداتە جووتیاران


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ حەوت هەزار تۆن بنەتۆوی گەنم بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 03-10-2022 حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمساڵ حەوت هەزار تۆن بنەتۆوی گەنم بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینن و گوتیشی "بنەتۆوەکە بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکرێت".
 
حوسێن حەمەکەریم گوتی: گەنمەکە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەشدەکرێت و ئەوانیش دەیاندەن بە جووتیاران. لەبارەی جۆری گەنمەکەشەوە گوتی، بەرهەمێکی خۆماڵی و کوالێتیی بەرزە و بەشێوەیەکی زانستییانە هەڵگیراوە.
 
لەبارەی تێچووی گەنمەکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکرد، هەر تۆنێک نزیکەی 850 هەزار دیناری تێچووە، بەڵام بە نرخێکی پاڵپشتیکراو و هەرزانتر دەدرێتە جووتیاران و لەم مانگەشدا دابەش دەکرێت.