قوباد تاڵەبانی: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق باشترە بگەڕێینەوە بۆ پرەنسیپەکانی مام جەلال

03-10-2022
هێمن بابان رەحیم
قوباد تاڵەبانی
قوباد تاڵەبانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێوڕەسمی پێنجەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مام جەلال لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو. لە رێوڕەسمەکەدا بەشێک لە سیاسەتمەدارانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە سەکۆی گوتارەکانەوە باسی بارودۆخی عێراقیان کرد.
 
سەرۆککۆماری عێراق گوتی دۆخی دژواری هەرێمی کوردستان و عێراق و باهۆزی گۆڕانکارییەکان وا پێویست دەکات چاوەڕوانییەکان بە ئەمڕۆ و سبەینێ نەسپێردرێت و هاوئاهەنگیی نێوان لایەنەکانیشی بە پێویست زانی.
 
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق گوتی، "ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدا دەبەستین کە کوردستان و عێراق بە دۆخێکی ئێجگار هەستیار و پڕ کێشمەکێشمدا تێدەپەڕێت، دۆخێک کە لە هەر کات و ساتێک زیاتر پێویستی بە وردبینی لە بڕیار و هۆشمەندی لە هەنگاونان هەیە، پێویستی بە یەکهەڵوێستی و یەک ئیرادەیی و هەماهەنگیی هێزە سیاسی و نیشتمانییەکان و تەواوی رۆڵەکانی گەلەکەمان هەیە."
 
ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مام جەلال لە کاتێکدا دەکرێتەوە، حەوت رۆژی دیکە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق تێدەپەڕێت، کە بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانەوە هێشتا حکومەتی نوێ پێکنەهێندراوە.
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تائێستا دووجار سەرکردەکانی عێراقی لەسەر مێزی دیالۆگ کۆکردوونەتەوە، بەڵام هێشتا باس لە پێویستیی وتووێژ دەکات.
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "دەستگرتن بە وتووێژ، پاشان وتووێژ و دواتریش هەر وتووێژ، لێرە دەمەوێت قسەی خەباتکارێکی کورد، هاوڕێم فەلەکەدین کاکەیی بەبیربهێنمەوە کاتێک دەیگوت 1000 ساڵ لە وتووێژ باشترە لە ساتێک کە رووبەڕووبوونەوە یان خوێن هەبێت، بۆیە هیچ بژارەیەک نییە تەنیا وتووێژ نەبێت، ئاگر ئەگەر هەڵبگیرسێت خوا نەخواستە، هەمووان دەسووتێنێت، بۆیە ئازایەتیی راستەقینە بریتییە لە پارێزگاری لە بەرژەوەندی و ئاسایش و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پێکەوە بیر لە ئاییندەی نەوەکانی داهاتوو بکەینەوە."
 
قوباد تاڵەبانی لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی باوکیدا بە زمانی عەرەبی و کوردی گوتاری پێشکێش کرد، دوای تەواوبوونی گوتارەکەشی، بافڵ تاڵەبانی هەستایە سەرپێ و چەپڵەیەکی قایمی بۆ لێدا.
 
قوباد تاڵەبانی گوتی، "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق باشترە بگەڕێینەوە بۆ پرەنسیپەکانی مام جەلال."
 
10ی ئەم مانگە ساڵێکی تەواو بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت، ناکۆکیی لایەنە شیعەکان رێگری سەرەکیی پێکهێنانی حکومەتە. پارتی و یەکێتیش هێشتا لەسەر بەربژێری سەرۆککۆمار نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر بەربژێرێک بۆ ئەو پۆستە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک لەو باڵەخانانەی بڕیارە لە هەڵەبجە بۆ کرێنشینان دروستبکرێن. وێنە: رووداو

لە ساڵی 2014ـەوە 300 یەکەی نیشتەجێبوون لە هەڵەبجە بۆ کرێنشینان تەواو نەبوون

لە پارێزگای هەڵەبجە 25 باڵەخانە بۆ کرێنشينان و کەمدەرامەتان دروستکراون، کە لە 300 یەکەی نیشتەجێبوون پێکهاتووە، بڕيار بوو پرۆژەکە لە ماوەی 400 رۆژدا هەموو کارەکانی تەواو ببێت؛ بەڵام دوای سێ جار راوەستان و دەستپێکردنەوە، هێشتا کارەکانی پرۆژەکە تەواو نەکراون