دوو درۆنی 'ئێرانی' لە ئاسمانی گەرمیاندا سووڕانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو درۆن بۆ ماوەیەک لە ئاسمانى گەرمیاندا سووڕانەوە و دواتر بەرەو سنوورى ئێران رۆیشتوون، فەرماندەیەکى پێشمەرگەش لە گەرمیان دەڵێت، "درۆنەکان بەسەر قەزاى خانەقین و ناحیەى رزگاریدا سووڕاونەتەوە."
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، ئەمڕۆ 3ى تشرینى یەکەمى 2022، دوو درۆن بەسەر چەند ناوچەیەکى باشوورى گەرمیاندا سووڕاونەتەوە و دواتر بەرەو سنوورى ئێران رۆیشتوون.
 
رائید جەلیل فایەق، فەرماندەی فەوجی 2ی لیوای سێی پێشمەرگە لە سنوورى گەرمیان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئێوارەى ئەمڕۆ دوو درۆن بەسەر ئاسمانى چەند ناوچەیەکى گەرمیاندا سووڕانەوە، یەکێکیان لە سنوورى ناحیەى رزگاری و ئەوى دیکەیان لە باشوورى خانەقینەوە بەرەو باکوورى قەزاکە رۆشت و دواتر چوونەوە سنوورى ئێران."
 
ئەو بەرپرسەى پێشمەرگە لە سنوورى گەرمیان گوتیشی، "درۆنەکان لە بەرزییەکى زۆر دەسووڕانەوە، کاتێک پرسیارمان لە هێزە عێراقییەکان کرد، پێیان گوتین: تەقەیان لێنەکەن، ئەوانە ئێرانین."
 
سووڕانەوەى ئەو درۆنانە لەپاش شەش رۆژ دێت لە بۆردوومانکردنى بارەگاى چەند پارتێکى رۆژهەڵاتى کوردستان لەلایەن ئێرانەوە لە هەردوو پارێزگاى سلێمانى و هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، کە بەهۆیانەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 50 کەسی دیکەش بریندار بوون، لەو هێرشانەدا مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو بەکارهێندران.