مامۆستایانی ئێران داوای بایکۆتکردنی پرۆسەی خوێندن دەکەن

03-10-2022
ناسر پیرۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ لە ژمارەیەک قوتابخانەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران قوتابییان ناڕەزایەتییان دەربڕی و ئەنجوومەنی مامۆستایان داوا دەکات، سبەی سێشەممە لە قوتابخانەکانی سەرتاسەری ئێران مانگرتنی گشتی بەڕێوەبچێت.
 
قوتابییان بەتایبەت قوتابیانی کچ وێنە و ڤیدیۆی خۆیان بڵاودەکەنەوە بەبێ لەچک و لەسەر تەختەی پۆلەکان دروشم دژ بە دەسەڵاتی ئێران دەنووسن. 
 
ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی دامەزراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران کە لە دوو ساڵی رابردوودا چەندینجار بەهۆی داواکاری مامۆستایانەوە مانگرتنی لە قوتابخانەکان راگەیاندووە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، داوا لە مامۆستایانی هەموو ئێران دەکات رۆژی سێشەممە نەچنە پۆلەکانی خوێندن و پرۆسەی خوێندن بایکۆت بکەن.
 
ئەنجوومەنی مامۆستایان دەڵێت، مامۆستایان بەو مانگرتنە، سەرکۆنەی کوشتن و دەستبەسەرکردنی ناڕازییان دەکەن و دژایەتی خۆیان لەگەڵ پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێران پێشان دەدەن. ئەو ئەنجوومەنە داوا لە هێزەکانی پۆلیس دەکات، چەکەکانیان دابنێن و بچنە ریزی خەڵکەوە.
 
ئەنجوومەنی مامۆستایانی ئێران لەبارەی چوونی هێزی ئەمنی، پۆلیس و سوپای پاسداران بۆ نێو زانکۆ و قوتابخانەکان هۆشداریدەدات و دەڵێت، ئەو سەرهەڵدانە بە کوشتن و دەستبەسەرکردنی ناڕازییان کۆتایی نایەت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە