رووداو دیجیتاڵ
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، بڕیاریاندا شایستە دارایی ساڵانی رابردووی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت. سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش هەواڵەکە بۆ رووداو پشتڕاستدەکاتەوە.
رۆژی 3ى تشرینى یەکەمى 2022، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی پێنجەم ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مام جەلال لە هەولێر رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 02-10-2022، بڕیاری خەرجکردنی شایستەی دارایی ساڵانی رابردووی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی دراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە دراونەتە تۆڕی میدیایی رووداو، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی شایستەی دارایی ساڵانی رابردووی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و بەم نزیکانە پارەکە خەرج دەکرێت.
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی خەرجکردنی پارەکەش، زانیارییەکانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران باس لەوە دەکەن کە "کێشەکە لای وەزارەتی دارایی بوو، نەک وەزارەتی بازرگانی، بەڵام بڕیاری لێدراوە و پارەکە خەرج دەکرێت."
هاوکات، د. موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەواڵەکە راستە، ئەگەرنا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبەرچاوی هەموو دونیا ناڵێت بڕیاری خەرجکردنی شایستەی دارایی ساڵانی رابردووی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی داوە."
د. موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوە کرد، "د. بەرهەم ساڵح و پێیڕاگەیاندووم، [رۆژی یەکشەممە] لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە و ئەو بابەتەی لەگەڵ باسدەکات، بۆیە لە کۆبوونەوەی دوێنێی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران ئەو بڕیارە دراوە."
شایستەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و2016 کە 309 ملیار دینارە، لە یاسای ئاسایشی خۆراک دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی بازرگانیی عێراق پارەکەی خەرج نەکردووە.
هەر لەوبارەوە، د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، تا دوێنێش لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەسەر هێڵ بووە، تا ئەوکات بڕیاری خەرج کردنەکەیان بە دەستنەگەیشتبوو. هیوادارن ئەو قسەیەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردی راستبێت، شایستە ساڵانی رابردووی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، چونکە ئەمە لە یاسای پشتیوانی خێرایی ئاسایشی خۆراک جێگیرکراوە و دەبێت جێبەجێبکرێت.
د. نەرمین مەعروف کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە دەڵێ، بۆ ئەو مەبەستە سبەی سەردانی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات.
چەندین جار بەرپرسان و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا رایانگەیاندووە، بەمنزیکانە شایستەی دارایی ساڵانی رابردووی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا خەرج نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ