بەرهەم ساڵح لەبارەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق: چارەسەرکردنیان پێویستی بە هەنگاوی کردەییە

 
رووداو دیجیتاڵ 

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە رێوڕەسمی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مام جەلال-دا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و گوتی، بە دۆخێکی "یەکجار هەستیار و پڕکێشمە کێشمدا" تێدەپەڕن.
 
لە گوتارەکەیدا د. بەرهەم ساڵح گوتی، دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق "لە هەرکات و ساتێک زیاتر پێویستی بە وردبینی لە بڕیار و هۆشمەندی بە هەنگاونان هەیە، پێویستی بە یەکهەڵوێستی و یەک ئیرادەیی و هاوئاهەنگی هێزە سیاسیی و نیشتمانییەکان و تەواوی رۆڵەکانی گەلەکەمان هەیە." 
 
جگە لە سەرۆککۆماری عێراق هەریەک لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای حیزبی و حکومی لە رێوڕەسمەکەدا بەشدارن. 
 
سەرۆککۆماری عێراق باس لە کێشەکانی عێراق دەکات و دەڵێت، "کێشەکانی ئەمڕۆ کە بەرۆکی یەک بە یەکی هێزەکان و تاک بە تاکی خەڵکی گرتووە پێویستیان بە هەنگاوی کردەیی و هاتنە مەیدانی دەم و دەست هەیە بۆ چارەسەرکردنیان و دابینکردنی ماف و چاوەڕوانییەکانی خەڵک." 
 
د. بەرهەم ساڵح باسی لەوەشکرد، "بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە دووپاتیدەکەینەوە کە ئەم دۆخە دژوارە و ئەگەری باهۆزی گۆڕانکارییەکان پێویست دەکات چاوەڕوانی گەلەکەمان بە ئەمڕۆ و سبەی نەسپێرین، ناکرێ هەر لە روانگەی بەرژەوەندیی ئاراستەکراوی ئەمڕۆوە لەگەڵ پێویستییەکانی گۆڕانکاریی سەرانسەری کۆمەڵگە مامەڵە بکەین و پێویستمان بە هاوکاریی و هاوئاهەنگی نێوانمان هەیە."