رووداو دیجیتاڵ
سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، هەندێک کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی ماون و تائێستا لەسەر بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتوون. لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیش دەڵێت: "تەمەنی پەرلەمان بەو ئاستە درێژدەکرێتەوە کە پێویستمانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کە ئەوپەڕی لە ساڵێکدا چارەسەر دەکرێن".
رۆژی دووشەممە 3-10-2022 سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و گوتی: "تائێستاش لەسەر هەندێک خاڵ لەگەڵ پارتی رێکنەکەوتووین، بەڵام ئەوانە ناکەین بە ئاستەنگ و بەردەوام دەبین لە نوێنەرایەتیکردنی راستەقینەی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی حکومەتی فیدراڵی. لە داڕشتنی بەرنامەی بەڕێوەبردن لە عێراق و لە کۆبوونەوەکانی دیالۆگی نیشتمانی بۆ ئامادەکردنی بەرەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هاوکارییەکی زۆری یەکدیمان کرد و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ بۆ ئەوەی کێشەکانی دیکە چارەسەر بکەین".
لەبارەی ئەو ناکۆکییانەی هەردوو حیزب هەیانە، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "یەک لە گرفتەکان پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە. پەرلەمان هەندێک کەموکوڕی هەیە و پێمانوایە لە رابردوودا ستەممان لە هەڵبژاردن کردووە و هەر جارە و گوتوومانە لە داهاتوودا گرفتەکە چارەسەر دەکەین و چارەسەر نەبووە و ئێستا کەڵەکە بووە".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت: "پێمانوایە لیستی دەنگدەران لیستێکی رێکوپێک نییە و یەکبازنە لە هەرێمی کوردستان دروست نییە و دەبێ بکرێت بە چواربازنە؛ هەروەها شێوەی هەڵبژاردنی کۆتاکان بۆ مەبەستی خۆی بەکارناهێندرێت و پێویستە ئەو بابەتانە چارەسەر بکرێ. ئەوەی دەنگی راستەقینەی خەڵک پێشاندەدات، کارتی نیشتمانییە، بەدەر لەوە هەموو پسووڵە و کارتەکانی دیکە دەرفەتی ساختەکارییان تێدا هەیە".
شەشی تشرینی دووەمی 2021 تەمەنی یاسایی پەرلەمان کۆتاییدێت و لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیش سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "پەرلەمانی کوردستان یەکەم جار نییە ماوەکەی درێژدەکرێتەوە، تەنانەت جارێکیان لە مەیدانی حەیوانان درێژمان کردەوە، لە دارەبەن درێژمان کردەوە؛ بۆیە پێم وایە ئەوەی پیرۆزە پاراستنی یەکڕیزی و تەباییە و نابێت بۆشایی یاسایی دروستبێت. دڵنیام تەمەنی پەرلەمان بەو ئاستە درێژدەکرێتەوە کە پێویستمانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کە ئەوپەڕی لە ساڵێکدا چارەسەر دەکرێن".
سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، لەبارەی بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمار تائێستا لەگەڵ پارتی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و دەشڵێت: "هیوادارین بتوانین لەسەر بەربژێرێک رێکبکەوین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ