مستەفا کازمی و مەسرور بارزانی: پێویستە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان لە پێشینەی کارەکاندا بێت

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی، "پێویستە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە و ماف و شایستە دەستوورییەکانیان لە سەرتاسەری وڵات بە هەرێمی کوردستانەوە لە پێشینەی کارەکاندا بێت." 
 
رۆژی دووشەممە 03-10-2022، لە هەولێر مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق کرا و هەردوولا جەختیان لە پێویستیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ كردەوە بە مەبەستی تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان. 

 

 
لە کۆبوونەوەی مستەفا کازمی و مەسرور بارزانی ژماره‌یەک بابەتی تایبەت بە گوزەرانی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ کراون؛ لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشدا ئەوە هاتووە، "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی، پێویستە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە و ماف و شایستە دەستوورییەکانیان لە سەرتاسەری وڵات بە هەرێمی کوردستانەوە لە پێشینەی کارەکاندا بێت." 
 
وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێویستیی بەردەوامبوونی كۆبوونەوە هاوبەشەكان و مامەڵەكردن بەشێوەیەکی جیددی لەگەڵ هەموو دۆسییەکان و رەخساندنی هەلومەرجی "باش" بۆ گفتوگۆی بنیاتنەرانە كە ببێتە هۆی چارەسەرەکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا دووپاتکرایەوە.