فەرماندەی یەکەی پۆلیسی مەریوان دوای برینداربوونی گیانی لەدەستدا

03-10-2022
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرانی فەرماندەی یەکەی فریاکەوتنی پۆلیسی مەریوانی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت: "رۆژێک دوای بریندارکردنی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".
 
رۆژی یەکشەممە 02-10-2022 میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە: "داود عەبدوڵڵایی، فەرماندەی یەکەی فریاکەوتنی پۆلیسی مەریوان شەوی شەممە 1-10-2022 لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە لە مەریوان بریندارکرا و شەوی یەکشەممە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".
 
داود عەبدوڵاییان لەدایکبووی شاری خوڕەماوای ئێرانە و بەیانیی ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی سەربازییدا لە سنەوە تەرمەکەی رەوانەی خوڕەماوا کرا.
 
رۆژی شەممە 1-10-2022 لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو هێرشانەی سوپای پاسداران بە درۆنی بۆمبڕێژکراو و مووشەک کردیە سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان، مانگرتنی سەرانسەری بەڕێوەچوو و ئێوارەی هەمان رۆژ خۆپێشاندان زۆربەی شارەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان گرتەوە و دوو خۆپێشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژران و دەیان کەسی دیکە برینداربوون. یەکێک لەوان لە پارێزگای کرماشان و ئەوی دیکەشیان لە پارێزگای سنە بوو. 
 
رۆژی یەکشەممە 02ی تشرینی دووەمی 2022، مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە ئۆفیسی سەرەکی لە نەرویجە رایگەیاند، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە 92 کەس کوژراون.
 
رۆژی 13ی ئەیلوول، ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقز بە پاساوی پابەندنەبوونی بە رێکارەکانی باڵاپۆشییەوە لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر باری تەندروستیی تێکچوو و دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە لە 16ی ئەیلوول گیانی لەدەستدا.
 
لەوکاتەوە ناڕەزایی و خۆپێشاندان لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە