چەندین پرۆژە لە سنووری قەزای ئامێدی بە گوژمەی سەتان ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری دهۆک دەڵێت، چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگاکەی بە گوژمەی 32 ملیار و 884 ملیۆن دینار دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 3ی تشرینی یەکەمی 2021 عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەمیانی بەسەرکردنەوەی چەند پرۆژەیەک لە قەزای ئامێدی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارە تەرخانکراوە بۆ جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر لە تەواوی پارێزگای دهۆک".
 
پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، "ئێستا بە گوژمەی 300 ملیار دینار، چەند پرۆژەیەک لە سنووری ئامێدی جێبەجێ دەکرێن. هەندێک لەوان تەواوبوون، کارکردن لە هەندێکی دیکەیان بەردەوامە و هەندێکیشیان تەندەریان بۆ دەرچووە".
 
تایبەت بە ئاکرێ، عەلی تەتەر ئاماژەی بەوە کرد، "بە گوژمەی زیاتر لە 20 ملیار دینار، پرۆژەی نوێ لە قەزای ئاکرێ جێبەجێ دەکرێن، کە پرۆژەی خزمەتگوزارین بۆ خەڵکی ناوچەکە".
 
لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ قەزای ئامێدی، پارێزگاری دهۆک سەردانی کۆمەڵگەی گەشتیاریی سۆلاڤی کرد، کە چەندین خێزانی تێدا دەژین؛ لەگەڵ نوێنەری ئەو خێزانانە کۆبووەوە و پێی راگەیاندن، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی نیشانداوە بۆ قەرەبوو کردنەوەیان "لە بەرامبەر جێهێشتنی خانووەکانیان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نوێی گەشتیاری لە ناوچەکە تاوەکو ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی ناوازە".
 
بەشێک لەو پرۆژانەی سنووری ئامێدی کە ئەمڕۆ پارێزگاری دهۆک رایگەیاندن:
 
- دانانی بەردی بناخەی رێگەی نێوان (مرێبکا و بێبادێ) بە گوژمەی 881 ملیۆن دینار.
 
- دانانی بەردی بناخەی پرۆژەی گەیاندنی کارەبا بۆ چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوونی نوێ و چەند گوندێکی ئامێدی؛ هەروەها دابینکردنی رووناککەرەوە بۆ شەقامەکانی سەنتەری قەزاکە بە گوژمەی (273) ملیۆن دینار.
 
- دانانی بەردی بناخەی پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگەکانی (تاژیکا، مرێبکا، پیروزانا، هەڤندکا و بەربانگێ) بە گوژمەی 717 ملیۆن دینار.