تەرمی چوار لەو کۆچبەرەی لە ئیجە خنکابوون، گەڕێندرانەوە قامشلۆ

رووداو - دهۆک

تەرمی چوار لەو کۆچبەرانەی هەفتەی رابردوو لە دەریای ئیجە لەڕێگەی پەڕینەوەیان بەرەو یۆنان خنکابوون، گەڕێندرانەوە باشووری کورستان و لە رێوڕەسمێکدا تەرمەکان بەرەو رۆژئاوای کوردستان بەڕێکران.

هەفتەی رابردوو حەوت کۆچبەری خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لەڕێگەی پەڕینەوەیان بۆ یۆنان و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا، لە دەریای ئیجە خنکان. رۆژی چوارشەمممە 3-10-2018 تەرمی چوار لەو کۆچبەرانە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە گەڕێندرانەوە باشووری کوردستان و دواتریش لە رێوڕەسمێکیشدا بە ئامادەبوونی ماڵباتەکانیان، تەرمەکان لە لە دەروازەی پێشخابوور-سێمێلکا بەرەو رۆژئاوای کوردستان بەڕێکران.

تەرمی "نێچیرڤان عەبدولحەمید حەسۆ" کە پێشمەرگەیە لەگەڵ دونیای هاوژینی و هەنگڤین عەبدولحەمید حەسۆی خوشکی، کە خەڵکی قامیشلۆ بوون لەگەڵ کەسێکی دیکە بەناوی "لیناز حەسەن موراد"، ئەویش خەڵکی دێرکە بەخاکسپێردران.

ئەو کۆچبەرانە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و نیشتەجێی کەمپی فایدەبوون لە پارێزگای دهۆک.

بەگوتەی عەبدولحەمید حەسۆ کە باوکی نێچیرڤانە، کوڕەکەی ماوەی نۆ مانگ بووە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، کچەکەشی تاقانەی چوار برا بووە.