محەممەد تۆفیق رەحیم خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاندید کرد
رووداو - هەولێر
محەممەد تۆفیق رەحیم، ئەندامی خانەی راپەڕاندن و بەرپرسی کاروباری ژوورەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بووە کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
رۆژی سێشەممە 3-10-2017، محەممەد تۆفیق رەحیم، ئەندامی خانەی راپەڕاندن و بەرپرسی کاروباری ژوورەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ناوی خۆی وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تۆمارکرد.
شێروان زرار، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " لە دوایین رۆژی خۆتۆمارکردن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان محەممەد تۆفیق رەحیم لە بزووتنەوەی گۆڕان خۆی کاندید کرد".
ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ پێشکەشکردنی داواکاری فۆرمی خۆکاندیکردن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی پێشتر رایگەیاندبوو کە "رۆژی سێشەممەش 3-10-2017، دوا وادەیە بۆ پێشكەشكردنی داواكاری فۆرمی خۆكاندیدكردن بۆ ئەو پۆستە".
بەپێی ماددەی پێنجی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005ـی هەمواركراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، هەر كەسێك بیەوێت خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكات، دەبێ سێ مەرجی تێدا بێت. یەكەم: تەمەنی لە كاتی هەڵبژاردندا لە 40 ساڵ كەمتر نەبێ. دووەم: نیشتەجێی كوردستان-عێراق بێت. سێیەم: لە هەموو مافە مەدەنی و سیاسییەكان بەهرەمەند بێت. بەپێی قسەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی كۆمیسیۆن، پێویستە هەر كاندیدێك بڕی 50 ملیۆن دینار وەكو دڵنیایی بداتە كۆمیسیۆن.
رۆژی 8-6-2017 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەرسوومێكی پێنج خاڵی دەركردبوو كە تێیدا دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی بۆ كۆمیسیۆن جێهێشتبوو، بەڵام لایەنەكانی نێو كۆمیسیۆن نەیانتوانی ئەو پرسە یەكلایی بكەنەوە، بۆیە بارزانی لە دوای 35 رۆژ چاوەڕوانی، رۆژی 12-7-2017 بە مەرسوومی ژمارە 128 رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی راگەیاند كە رۆژی 1-11ـی ئەمساڵە.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن