خەڵکی کۆلۆمبیا پرۆسەی ئاشتیان لەگەڵ فارک رەتکردەوە

03-10-2016
زانا بەهرام
 لە گشتپرسییەکدا خەڵکی کۆلۆمبیا پرۆسەی ئاشتیان لەگەڵ فارک رەتکردەوە
لە گشتپرسییەکدا خەڵکی کۆلۆمبیا پرۆسەی ئاشتیان لەگەڵ فارک رەتکردەوە
نیشانەکردن فارک کۆلۆمبیا گشتپرسی
A+ A-
رووداو- هەولێر
خەڵکی کۆلۆمبیا لە گشتپرسییەکدا پرۆسەی ئاشتیان لەگەڵ فارک رەتکردەوە، سەرۆکی ئەو وڵاتەش دەڵێت، ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ شەڕ و دەبێت پرۆسەی ئاشتی بەردەوام بێت.

رۆژی یەکشەممە 2-10-2016، لە گشتپرسییەکدا کە زیاتر لە 13 ملیۆن کەس بەشداریان تێداکرد، بە جیاوازی کەمتر لە 53 هەزار دەنگ، خەڵکی کۆلۆمبیا پرۆسەی ئاشتیان لەگەڵ فارک رەتکردەوە. لە گشتپرسییەکەدا50.2% خەڵکی کۆلۆمبیا دەنگیان بە نەخێردا بۆ پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ فارک، لەبەرامبەریشدا 49.8% دەنگیان بە بەڵێ دا. بەمەش پرۆسەی ئاشتی نێوان حکومەتی کۆلۆمبیا و فارک گەرایەوە بۆ قۆناخی سەرەتایی خۆی.

لە یەکەمین کاردانەوەیدا بەرامبەر ئەنجامی گشتپرسییەکە، سەرۆکی کۆلۆمبیا لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، کە ئەو رێز لە دەنگی خەڵکی وڵاتەکەی دەگرێت، لەهەمانکاتدا سووربوونی خۆشی بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ فارک دا.

خوان مانویل سانتۆس سەرۆکی کۆلۆمبیا گوتی: "ئەمرۆ من وەکو سەرۆکی هەموو خەڵکی کۆلۆمبیا، داواتان لێدەکەن کە یەکگرتوویی خۆتان بپارێزن، من یەکەم کەسم کە ئەنجامی گشتپرسییەکە قبوڵدەکەم، ئێستا ئێمە لەبەردەم رێگەیەکداین کە ئەویش بەدەستهێنانی ئاشتییە بۆ وڵات، منیش لەو پێناوەدا کۆڵنادەم و بەردەوام دەبم". 

دوای چەندین ساڵ لە دانوستاندنی ئاشکرا و نهێنی نێوان بزووتنەوەی شۆڕشگێری کۆلۆمبی، ناوسراو بە فارک و حکومەتی کۆلۆمبیا، تواندرا کۆتایی بە شەڕی 52 ساڵەی نێوانیان بهێنن و رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە فارک دەستبەرداری چەک بێت و تیکەڵ بە پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە ببێت و وەکو پارتێکی سیاسی درێژەی بە خەباتی خۆی بدات. 

لە لای خۆیەوە سەرۆکی فارک رایگەیاند کە ئەنجامی گشتپرسییەکە وا لە فارک دەکات کە وەکو بزووتنەوەیەکی سیاسی سوورتر بێت لەسەر پرۆسەی ئاشتی. 

تیمۆلیۆن جیمێنێز فەرماندەی گشتی فارک گوتی: "لەدوای ئەنجامەکەی ئەمڕۆ، ئێمە تێدەگەین کە بەربەستەکانی بەردەممان وەکو بزووتنەوەیەکی سیاسی گەورەتر و زیاتر دەبێت، ئەوەش پێویستی بە هەوڵ و کۆششی زیاترە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و ئارامی". 

چاوەڕێدەکرێت بە چاودێری سەرکردەکانی بەشێک لە وڵاتان و نەتەوەیەکگرتووەکان، هەردوو لایەنی فارک و حکومەتی کۆلۆمبیا دووبارە چاو بە رێککەوتنەکەیاندا بخشێنەوە و بارودۆخی دەروونی و ئابووری کەسوکاری قوربانیانی شەڕی 50 ساڵەی نێوانیان لەبەرچاوبگرن، بەوپێیەی کە زۆرینەی کەسوکاری قوربانیان شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە دژی رێککەوتن بوونە لەگەڵ فارک. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە