لە بێتواتە ئەو پۆلیسانە ئازاد کران کە تۆمەتبارن بە ئەشکەنجەدانی گیراوێک

رووداو-رانیە 

شەش کەس لە سنووری ئیدارەی راپەڕینی سەر بە پارێزگای سلێمانی و لە بنکەی پۆلیسی بێتواتە کە لە ئەفسەرێکی لێکۆڵینەوە و پێنج پۆلیس پێکدێن، دوای نزیکەی دوو هەفتە لە گرتنیان، بەتۆمەتی ئازاردانی گیراوێک و هەڵواسینی بۆماوەی شەش کاژێر، بە کەفالەت ئازاد کران. 


قوربانییەکە دەڵێت "لێیان خۆش نابم و دەبێت زۆر بە توندی سزا بدرێن".

دوای ئەوەی بنکەی پۆلیسی بێتواتە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین به‌ تۆمه‌تی دیارنه‌مانی ژماره‌یه‌ك په‌له‌وه‌ر کەسێک بانگهێشتی بنکەکە دەکەن، لەوێ بەندی دەکەن و بە گوتەی بەندکراوەکە "ماوەی 6 کاژێر به‌ كێبڵی كاره‌بایی ئازاری جه‌سته‌یی دراوە و جگه‌ره‌یان لەسەر جەستەی‌ ‌كوژاندو‌وەتەوە و سەراوژێر هەڵیانواسیوە‌.

ئەو پۆلیسانەی لەسەر ئەو رەفتارە راگیرابوون، دوای دووهەفتە بە کەفالەت ئازادکران.

کەمال عەبدوڵڵا، پارێزەری ئەمیر زرار لەبارەی دۆسیەکە و ئازادکردنی ئەو حەوت کەسە بە (رووداو)ی راگەیاند " دوای ئەوەی لەلایەن دادگاوە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی هاونیشتمانی ئەمیر زرار کرا، بۆماوەی دووهەفتە 7 کەس بەتۆمەتی تێوەگلان لە رووداوەکە دەستگیرکران و دوای چەند دانیشتنێکی دادگا ئێستا ئەوان بە کەفالەت ئازادکراون".

پارێزەری ئەمیر زرار گوتیشی "دادگا چاوەڕێی دوا نووسراوی پزیشکی دەکات، دواتر ئەگەر ئەو کەسە لە دادگا لەسەر قسەکانی خۆی سووربێت و پاشگەزنەبێتەوە لەوەی کە ئازاریان داوە، ئەوا ئەو 7 کەسە دووبارە دەستگیر دەکرێنەوە و پاشان رەوانەی دادگای تاوانەکانی سلێمانی دەکرێن". دەشڵێت " دۆسیەی ئەمیر بەپێی ماددەی 333 لە یاسای سزادانی عێراقی، لەلایەن دادگاوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و تاوەکو ئێستا بەکراوەیی ماوەتەوە".

كاروان مه‌حموود، به‌رپرسی به‌شی راگه‌یاندنی پۆلیسی راپه‌ڕین لەبارەی بەکەفالەت ئازادکردنی حەوت تۆمەتبارەکە بە (رووداو)ی راگەیاند "دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو هەفتە ئەو حەوت کەسە دەستبەسەرکران، بەبڕیاری دادگا بەکەفالەت ئازادکراون، بەڵام ئەوان ئێستا لە شوێنی خۆیان نەماون بەڕێوەبەری پۆلیسی راپەڕین بڕیاری گواستنەوەی ئەوانی لە شوێنی خۆیان داوە بۆ بنکەکانی دیکەی سنووری ئیدارەی راپەڕین". رەتیشیکردەوە کە ئەوان بەیەکجاری دوورخرابنەوە و لەسەر کار نەمابن.

ئەمیر زرار کە خاوەنی سێ منداڵە و بەگوتەی خۆی، هەرسێ منداڵەکانی ئیفلیجن، رۆژی یەکشەممە 2-10-2016 بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی هاتبووە هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ (رووداو) گوتی "من لەو کەسانە خۆش نابم کە ئێستا داداگا بە کەفالەت ئازادی کردوون، چونکە نزیکەی مانگێکە بەردەوام سەردانی پزیشک دەکەم و پارەیەکی زۆرم سەرف کردووە، شەوانە ئازارێکی زۆرم هەیە و بە ئەستەم دەخەوم". 

دەشڵێت " ئێستا دەستی راست و چەپم توانای هەڵگرتنی هیچان نەماوە و ئازارێکی زۆر لە جەستەمدا هەیە، چونکە پۆلیس سەراوژێر هەڵیانواسیم و جگەرەیان لە جەستەمدا کوژاندەوە".

کەسوکاری ئەمیر دەڵێن پێشتر چەند جارێک داوایان لێکردوون لەڕێگەی سوڵحی عەشایەری واز لەو داوایە بهێنن "تەنانەت داوای ئەوەمان لێکراوە کە بە پارە چاوپۆشی بکەین، بەڵام ئێمە رازی نەبووین و چاوەڕێ دەکەین لەڕێگەی یاساوە ئەو دۆسیە یەکلایی بکرێتەوە".

پێشتر پۆلیسی بێتواتە وێڕای ره‌تكردنه‌وه‌ی قسەکانی ئەو کەسە کە ئه‌شكه‌نجه ‌درابێ، سكاڵاشیان له‌ دژی تۆماركردبوو‌ لەسەر ئەوەی‌ تۆمه‌ت بۆ بنكه‌ی پۆلیس هه‌ڵده‌به‌ستێت. بەڵام بەگوتەی پارێزەرەکەی ئەمیر، ئەوان ئێستا لە دادگا دانیان بەوەدا ناوە کە بانگهێشتی بنکەی پۆلیسیان کردووە و ئەشکەنجەشیان داوە.

بێستوون فایەق، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی هەمان پرس پێشتر رایگەیاندبوو "پۆلیس مافی ئەوەی نییە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ هاونیشتمانییەکدا بکات ئەگەر تۆمەتیشی لەسەر بووبێت، هیچ یاسا و رێنماییەکی وەزارەتی ناوخۆ و دەستووری عێراق و یاسا کارپێکراوەکان لە هەرێمی کوردستان رێگە بە هیچ هێزێکی ئەمنی نادەن بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هاونیشتمانییە دەستگیرکراوەکان بکات، جا هەر جۆرە تاوانێکیان لەسەر بێت". 

دەشڵێت "گرتن و لێدان و ئەشکەنجەدانی ئەو هاونیشتمانییە لەلایەن پۆلیسەوە، سەرپێچییەکی زەقە و ئەو هاونیشتمانییە مافی هەموو سکاڵایەکی هەیە، بۆیە دەبێت چاوەڕێی لێکۆڵینەوە بین،  ئەگەر پۆلیس وای لەو هاونیشتمانییە کردبێت، ئەمە سەرپێچییەکی گەورەیە و دەبێت رێکاری توند لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ بەرامبەر ئەو ستافەی پۆلیس بگیرێتە بەر".