باڵیۆزی نوێی تورکیا بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ئامادەین بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانمان

03-09-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
 سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی نوێی تورکیا
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی نوێی تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی تورکیا کرد و دۆخی ناوخۆیی عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێکرد. 
 
باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق ناوی ئانل بۆرائینان ـە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەخێرهاتنی بۆ ئەرکەکەی کرد و "هيواى سه‌ركه‌وتنى له ‌ئه‌ركى نوێیدا بۆ خواست. هه‌موو پشتگيرييه‌كى هه‌رێمى كوردستانیشی بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى ده‌ربڕى."
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئینان خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی وەکو باڵیۆزی تورکیا لە عێراق نیشاندا و "خواست و ئاماده‌يى توركياى بۆ بره‌ودان بە په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، دووپات كرده‌وه‌."
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوولا دۆخى ناوخۆى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كەیان‌ به‌گشتى تاوتوێکردووە. 
 
ئەمڕۆ باڵیۆزی تورکیا بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكەیان تاوتوێکرد. بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی: "ویستی وڵاتەكەشی بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە."
 
ئانل بۆرائینان رۆژی 27ـی مانگ دوای ئەوەی نامەی متمانەی دەستبەکاربوونی لەلایەن فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراقەوە پەسند کرا، نامەکەی رادەستی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کرد.
 
رۆژی 1ی حوزەیرانی 2024 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاری دانانی ئانیل بۆرا ئینان بە باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا بڵاوکرایەوە.
 
ئانیل ئینان، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی تورکیا - عێراق بوو لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و بووە شوێنگرەوەی عەلی رەزا گونەی کە سێ ساڵ باڵیۆزی تورکیا بوو لە بەغدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە