مەسرور بارزانی: خزمەتگوزاریی بانکیمان 5 هێندە گەشەی کردووە

03-09-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "خزمەتگوزاریی بانکی لەماوەی 10 مانگی رابردوودا پێنج هێندە گەشەی کردووە." هەروەها گوتی "200 ئامێری ATM لە کۆی هەزار ئامێر لە هەرێمی کوردستان دانراون " 
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دوای کردنەوە و بەسەرکردنەوەی پێشانگەی هایتێکس لە هەولێر، وتارێکی پێشکێش کرد، تێیدا باسی بەئەليکترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکومەت، بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پێشخستنی سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان کرد.
  
سەرۆکی حکومەت گوتی بەئەليکترۆنیکردن کاروبارەکانی حکومەت، بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەپێناو بەرزکردنەوە و خێراترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و رێگەگرتن لە بیرۆکراسی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، "يەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێمە بووە."
 
سەبارەت بە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری (DIT)، سەرۆکی حکومەت رایگەیاند "یەکێکە لە فەرمانگە چالاک و پێشەنگەکانی حکومەت کە کار بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێز و پێشکەوتووی دیجیتاڵی دەکات."
 
(DIT) لە ماوەی رابردوودا ستراتيژی وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند بەئامانجی ھێنانەکایەی حکومەتێکی سەردەمیانەی دیجیتاڵی کە "پرۆسەی گەشەسەندنی ئابووریمان بەرفراوانتر و خێراتر بکات بە جۆرێک ھاووڵاتییان ببنە سەنتەری گرنگیپێدان لەڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاوە." ئەمە وەک سەرۆکی حکومەت باسی کرد.
 
پێشانگای نێودەوڵەتیی تەکنەلۆژیی هەولێر (هایتێکس)، گەورەترین پێشانگە و کۆنفرانسی ساڵانەیە، کە لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەچێت، ئامانجی هایتێکس وەک لە ماڵپەڕی فەرمیاندا هاتووە "رێگەیەکی نوێی بزنسەکانە بۆ گەشەکردن، بە پیشاندانی دوایین بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانیان و نوێترین داهێنانە تەکنەلۆژیەکانی جیهان."
 
سەرۆکی حکومەت دەڵێ "یەکێک لە تەوەرەکانی کۆنفرانسی هایتێکس، حوكمڕانی و پەرەپێدانی کەرتەکانی تەکنەلۆژیای دارایی و بانکییە" بۆیە باسی لە بەرنامەکانی حکومەت لە بواری چاکسازیی بانکی دا کرد.
 
"لەسەر ڕێگەیەکی راستی گۆڕانکاری و چاکسازین لەڕووی تەکنەلۆجیا و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکان" 
 
مەسرور بارزانی گوتی "هەبوونی سیستمێکی بەهێز، کاریگەر و چالاکی بانکی گرنگە، لەم روانگەیەوە دەستمان بە چاکسازی لە سیستەمی بانکی دا کرد، لەپێناو بنیاتنانی ژێرخان و بنەمایەکی ئابووریی دیجیتاڵیی هاوچەرخ و بەهێز، کە بتوانین هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم هەنگاو بنێین."
 
سەرۆکی حکومەت دەڵێ "ئێستا دەتوانم بڵێم ئێمە لەسەر رێگەیەکی راستی گۆڕانکاری و چاکسازین لە رووی تەکنەلۆجیا و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکان" کە زیاتر هانی بازرگانان و وەبەرهێنەران لە ناوچەکە و سەرتاسەری جیهان دەدات بۆ ئەوەی بەمەبەستی وەبەرهێنەران و سەرمایەگوزاری لە بواری جۆراوجۆردا، روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.
 
"لە بەرنامەمانە لە ساڵێکدا یەک ملیۆن مووچەخۆر لە سیستمی بانکی تۆمار بکەین" 
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا مەسرور بارزانی باسی پرۆژەی 'هەژماری من'ـی کرد و رایگەیاند "نموونەیەکە بۆ دەستپێکی گەڕاندنەوەی متمانە بە بانکەکان و سیستەمی بانکی."
 
هەروەها گوتی "بەرنامەی ئێمە ئەوەیە؛ لەماوەی ساڵێکدا، یەک ملیۆن مووچەخۆر لە سیستمی بانکیدا تۆمار بکرێن کە ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورەیە، چونکە کارێکی ئاسایی و ئاسان نییە، لەو ماوە کورتەدا ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییان بخرێنە نێو سیستەمی بانکییەوە. هەرچەندە پێشتر پێیان دەگوتم ئەستەمە کارێکی وا لەو ماوەیەدا ئەنجام بدرێت، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە لە گەیشتن بە ئامانجەکەمان نزیک دەبینەوە."
 
200 ئامێری ATM لە کۆی هەزار ئامێر لە هەرێمی کوردستان دانراون 
 
سەرۆکی حکومەت دەڵێ "ئێستا سیستەمی بانکیی ئێمە لە پێشتر بەهێزتر و کاراترە و بە ڕێژەیەکی باش گەشەی کردووە. چیتر (پێویست ناکات) هەزاران فەرمانبەری حکومی، بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان چەندین کاتژمێر نۆرە بگرن. رێکارەکانی هەناردەکردن و وەرگرتنی حەواڵەش ئاسانتر بووە و دەتوانرێت لە رێگەی مۆبایلەوە ئەنجام بدرێت. هەروەها ئێستا 200 ئامێری ATM لە سەرانسەری هەرێمدا دانراون، کە لە ئەنجامدا ژمارەکە بەرزدەبێتەوە بۆ هەزار ئامێر."
 
"خزمەتگوزاریی بانکی لەماوەی 10 مانگی رابردوودا، 5 هێندە گەشەی کردووە"
 
مەسرور بارزانی چەند داتایەکی ئاشکرا کرد و رایگەیاند "تائێستا زیاتر لە نیو ملیۆن کارمەندی کەرتی گشتی کوردستانمان هێناوەتە نێو سیستمی بانکی. خزمەتگوزاری بانکی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا، 5 هێندە گەشەی کردووە. لەم مانگەدا زیاتر لە 120 هەزار کارمەند بە شێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن. ئەم ژمارەیە لە مانگی داهاتوودا، بۆ زیاتر لە 200 هەزار کەس زیاد دەکات و نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار دەخرێتە سەر حیسابە بانکییەکان. ئەمەش تەنها رۆژێکی دەوێت بۆ بانکەکانی کەرتی تایبەت کە کارەکە ئەنجام بدەن، لەکاتێکدا ئەم پرۆسەیە پێشتر لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە رێگەی هەزاران ژمێریارەوە ئەنجامدراوە و هەفتەیەکی خایاندووە."
 
"ئێستا هاووڵاتیان بەشێکی زۆری کارەکانی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ حکومەت بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجام دەدەن"
 
سەرۆکی حکومەت دەڵێ "هەرچەندە سیستەمی بانکی و خزمەتگوزاریی دارایی، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی پرۆسەی چاکسازیمانە، بەڵام ئێمە هەر بەوە نەوەستاوین. بەڵکو ئێستا هاووڵاتیان بەشێکی زۆری کارەکانی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ حکومەتدا، بە شێوەی ئۆنلاین ئەنجام دەدەن، ئەمەش خێرایی و کارایی بۆ هەمووان زۆر زیاد دەکات. ئێمە ناوەندێکی داتا و زانیاریمان دروستكردووە کە بە پێی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکانە. هەروەها ئێستا تۆمارکردنی کۆمپانیا و بزنسەکان زۆر لە جاران ئاسانتر و خێراترە.''
 
لە ساڵی داهاتوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە چەندین دەستپێشخەری دیکە رابگەیێنێت. مەسرور بارزانی دەڵێ "ئەمە، وەرچەرخانێک دەبێت لە کاروباری رۆژانەی هاووڵاتیان و بازرگانان. بۆ نموونە دەرهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ناسنامەی دیجیتاڵی، کە لە ماوەی ئەم کابینەیەدا دەرچوون، لە ماوەی داهاتوودا، لە ڕێگەی ئەم ناسنامانەوە دەتوانرێت چەندین خزمەتگوزاری گشتیی رایی بکرێت. ئەم ژمارەیەش لە ساڵی داهاتوودا، بە شێوەیەکی بەرچاو زياتر دەبێت."
 
"تەکنەلۆژیا ژیانی ئێمەی ئاسانتر کردووە، بەڵام پێویستە بە ژیری و بەرپرسیارییەتیەوە بەکاری بهێنین" 
 
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە لەوەی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی باشی بەرەو بەدیجیتەڵکردنی کاروبارەکانی حکومەت ناوە. لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ستراتیجی وەرچەرخانی دیجیتاڵیش، "گۆڕانکارییەکی جۆری لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە هاووڵاتیانمان بە شێوەیەکی خێرا و پێشکەوتوو دێتە ئاراوە."
 
گوتیشی "راستە تەکنەلۆژیا ژیانی ئێمەی ئاسانتر و چێژبەخشتر کردووە، بەڵام پێویستە بە ژیری و بەرپرسیارییەتییەوە و لەپێناو خزمەتی مرۆڤایەتی بەکاری بهێنین."
 
"هەستم بە شانازی کرد بە گەنجەکانمان لەو پێشانگەیە"
 
لەبارەی پێشانگەکە و بەشداربووانی گەنج، سەرۆکی حکومەت رایگەیاند "ئەم بەیانییە كە سەردانی ئەم پێشانگایەم كرد، بەڕاستی زۆر هەستم بە شانازی كرد كە گەنجەكانی خۆمان لەو ئاستە بەرزە توانیویانە لە بواری تەكنەلۆژیادا ئەوەندە پێش بكەون. خۆیان زۆر كۆمپانیایان دامەزراندووە و داهێنانیان كردووە و زۆر لەو بەرنامە و پرۆگرامانە خۆیان دروستیان كردووە."
 
گوتیشی "لە گفتوگۆم لەگەڵ چەند كەسێكیان، زۆر خۆشحاڵ بووم كە بیستم بەشێك لەو خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییانەی ئەوان دروستیان كردووە، نەك تەنیا لە ئاستی كوردستان، بەڵكو لە ناوچەكەش سوودی لێدەبینن و دەتوانن لە شوێنەكانی دیکەش بە ڕێگەی ئەم سیستەمە دیجیتاڵییەی ئەوان دروستیان كردووە، پەیوەندییەكی راستەوخۆ و باشتر لەگەڵ كوردستان دروست بكەن، ئەمە ببێتە رێگە و دەرگەیەكی تریش بۆ ناساندنی كوردستان بە رووی جیهاندا."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک مەسعود بارزانی و بەرهەم ساڵح

سەرۆک بارزانی بۆ بەرهەم ساڵح: خۆشحاڵم کوردێک پۆستێکی گرنگی لە UN وەرگرتووە

سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە بەرهەم ساڵح دەكات بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی کۆمسیارانی باڵای کاروباری پەنابەران لە UN و ئاماژە بەوە دەکات، خۆشحاڵە کوردێک ئەو پۆستەی وەرگرتووە