کوردستان
وێنەی دوو تۆمەتبارەکە دوای دەستگیرکردنیان و مەڕەکان، کە لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە بڵاوکراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
به تۆمه‌تی دزینی دەیان سه‌ر ئاژه‌ڵی هاونیشتمانییەکی قەزای دووکان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی سلێمانی دوو تۆمەتباری دەستگیرکرد. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، هەردووکیان دانیان بە تاوانەکەدا ناوە.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2024) سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئه‌وه‌ی شەوی رابردوو هاونیشتمانییەکی سنووری دووکان سكاڵای لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان تۆماركرد كه 170 سه‌ر مه‌ڕی لێدزراوه، هێزه‌كانی پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكرد و دوای لێكۆڵینه‌وه و وه‌رگرتنی بڕیاری دادوه‌ر، توانرا به هاوكاری ئاسایشی چەمچەماڵ ئاژەڵەكان له سنووری ئەو شارە بدۆزرێنه‌وه."
سەرکەوت ئەحمەد گوتیشی، "دوو تۆمەتبارەکە مەڕەکانیان لە دووکانەوە بردبووە سنووری چەمچەماڵ و لە نزیک گوندێکی سەر بەو سنوورە رایانگرتبوون بەمەبەستی فرۆشتنیان، بەڵام درەنگانی شەوی رابردوو له‌لایه‌ن هێزەکانی نووسینگه‌ی نه‌هێشتنی تاوانی دووكانه‌وه دوو تۆمه‌تبارەکە لە دووکان ده‌ستگیركران و له‌به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه، دانیان به تاوانه‌كه‌یاندا ناوە؛ مەڕەکانیش رادەستی خاوەنەکەی کراونەتەوە."
لەکاتی دەستگیرکردنیاندا دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا کە ئۆتۆمبێلی کەسێکی دیکە بووە و شۆفێری بۆ دوو تۆمەتبارەکە کردووە. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، "دوو تۆمەتبارەکە دانیان بە بێتاوانیی شۆفێرەکەدا ناوە و گوتوویانە ئەو نەیزانیوە ئێمە خەریکی دزیکردنین."
بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، "هه‌ردوو تۆمه‌تبار بەناوەکانی (ب. م. ح.) له‌دایكبووی 1993 و (ر. س. م.) له‌دایكبووی 1986، به بڕیاری دادوه‌ر و به‌پێی مادده‌ی 444 له یاسای سزادان، راگیراون و لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامه."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ