وەزارەتی شارەوانی: کرێی بەستنی پێوەری ئاو کەمکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی شارەوانی رایدەگەیێنێت، حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رەچاوكردنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان، کرێى بەستنى پێوەرى ئاوی بۆ کەمتر لە نیوە کەمکردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی ئەیلوولی 2024 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، "ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر پێشنیازێكی دوو خاڵیی وەزارەتەکەمان داوە، كە بەگوێرەی خاڵی یەکەم، كرێی بەستنی پێوەری ئاو لە 45 هەزار دینارەوە لە سەنتەری شارەكان بۆ 20 هەزار و لە قەزا و ناحیەكانیش بۆ 10 هەزار دینار کەم دەكرێتەوە."
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش رایگەیاند، "ئەو بڕیارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەچاوكردنی دۆخی دارایی هاووڵاتییانە، هۆكارێكی كاریگەریش دەبێت بۆ رێكخستنەوە و چارەسەركردنی كێشەی پێوەرەکان و پاراستنی سامانی ئاو."
لە راگەیێندراوی وەزارەتەکەدا ئەوەش هاتووە، "بە كەمكردنەوەی كرێی ئاو لە كەرتی بازرگانی، پیشەسازی، گەشتیاری، پیشەی بچووك، دووكاندار و كاسبكاران، حكومەتی هەرێمی کوردستان دەرفەتی تازە بەو شوێنانە دەدات کە تاوەكو ئێستا پێوەریان نەبەستووە؛ دەتوانن لەم بڕیارە نوێیەی حكومەت سوودمەند بن بە بەستنی پێوەری ئاو."
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان؛ ژمارەی هاوبەشانی ئاو لە هەرێمی كوردستان یەک ملیۆن و 30 هەزار و 408 هاوبەشە، کە 850 هەزار و 330 هاوبەش پێوەری ئاویان بەستووە و بە گشتی تائێستاش بەستنی پێوەر گەیشتووەتە 82%.