پڕۆژەی (هەژماری من): نیو ملیۆن مووچەخۆر تۆمار کراون
رووداو دیجیتاڵ
کارەکانی پڕۆژەی (هەژماری من) بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ "ملیۆنێک مووچەخۆر" لە پڕۆژەکە دا تۆمار بکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی ئابی 2024 سەرچاوەیەک لە پڕۆژەی (هەژماری من) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەی هەژماری من لە فراوانبوونی بەردەوامدایە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 500 هەزار مووچەخۆر خۆیان تۆمار کردووە و زیاتر لە 280 هەزار کارتیش چاپ کراون."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "تاوەکو ئێستا 193 ئامێری پارەڕاکێشان (ATM) لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دانراون کە 164ـیان لە هەولێر، 20 لە سلێمانی و 9 ئامێریش لە دهۆک دانراون، کە جگە لە بانکەکانی ئاڕتی و جیهان، بانکی نیشتمانیی عێراقیش بەردەستە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بە بانکی بکات. سەرچاوەکەی (هەژماری من) گوتی، "تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ژمارەی مووچەخۆرانی تۆمارکراو دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن کەس".
هەر لەو بارەیەوە عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم هەفتەیە بە شێوەی دیجیتاڵی مووچەی زیاتر لە 120 هەزار لەو فەرمانبەرانەی دەدات کە تازە هەژماری بانکیان کردووەتەوە، بەو شێوەیە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار دەخاتە نێو کەرتی خزمەتگوزاریی دارایی."
عەزیز ئەحمەد دەڵێت، "هەوڵدەدەین مانگی داهاتوو مووچەپێدانی ئەلیکترۆنی دوو هێندە زیادبکەین."
لە شوباتی 2022دا حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی (هەژماری من)ی راگەیاند.
حکومەت دەڵێت، لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارەڕاکێشان (ATM)ـەوە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات، ئەوەش ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان دەکات.