رێکخراوی CPT: تورکیا 24 جار بۆردوومانی چەند ناوچەیەکی هەولێر، سلێمانی و دهۆکی کرد
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دێسکى مافى مرۆڤى رێکخراوى سی پى تیى ئەمریکی رایگەیاند، شەوی دووشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا 24 جار بۆردوومانی ژمارەیەک ناوچەی سێ پارێزگای هەرێمی کوردستانیان کرد و زیانی گیانی نەبووە.
کامەران عوسمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "شەوی دووشەممە (2-9-2024) سوپای تورکیا بەشێوەیەکی زنجیرەیی و بە فڕۆکەی جەنگی، 24 جار بۆردوومانی ژمارەیەک ناوچەی لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی کرد."
بەپێی ئەو بەرپرسەی رێکخراوەکە "هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی دامێنی گرێ بەهار، پشتی گوندی بەلاڤە، چیای حەوت تەبەق، گوندەکانی کەفنە مژێ، سپیندارێ و گیرگاشێ لە بەری گارێ لە قەزای ئامێدی، چیای کتکین و خواکوڕک لە قەزای سیدەکان، چیای کۆخە و چیای تاڵە لە سنووری قەزای چۆمان، دەوروبەری گوندی قەڵاتوکان لە سنووری قەزای پشدەر، هەواری رەوەندەکانی گوندی کوێرەکانی و چیای ئاسۆس لە سنووری قەزای ماوەت بووە."
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا، هیچ هاونیشتمانییەکی مەدەنی نەبووەتە قوربانی.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) ـی ئەمریکی، کە ناوەڕاستی مانگی رابردوو بڵاویکردەوە، لەماوەی زیاتر لە 33 ساڵدا بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێرانەوە 845 کەسی سڤیل لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی، لەو ژمارەیەش 425ـیان گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین قوربانییەکانیش بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، 2ـی ئەیلوولی 2024، رایگەیاند فڕۆکە جەنگییەکانی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی ئاسمانی، بە هاوئاهەنگیی میت، 20 پێگەی پەکەکەی لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆردوومانکردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوەش کراوە "بەمەبەستی لەنێوبردنی ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی جوداخوازیی پەکەکە/کەجەکە، تێکشکاندنی ئەو هێرش و هەڕەشانەی لە باکووری عێراقەوە دەکرێنە سەر هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی سڤیلمان و بۆ پاراستنی سنوورەکانمان؛ ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان لە ناوچەکانی مەتین، زاپ، گارە، خواکوڕک، قەندیل و ئاسۆس ئەنجامدرا."
جەخت لەوەش کراوەتەوە؛ لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 20 پێگەی پەکەکە، لە حەشارگە، ئەشکەوت، کۆگە و پەناگە کرانە ئامانج.
رۆژی 31-8-2024، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، چوار جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا و بەهۆیەوە دوو سەرباز کوژران و سەربازێکی دیکەش برینداربووە.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.