حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیکەری پێشمەرگەی کەرکووک دەکاتە 'یەکێک لە گرانبەهاترین' پوولەکانی

03-09-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن خۆپێشاندان لە کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان یەکێک لە گرانبەهاترین پوولەکانی پۆستەی بە وێنەی پەیکەری پێشمەرگەوە راگەیاند و بەپێی گوتەبێژی وەزارەتەکە، لە داهاتوویەکی نزیکدا لە دامودەزگاکاندا کاری پێدەکرێت و پوولەکە بۆ پۆستی نێودەوڵەتیش دەبێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 3-9-2023، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو پشتیوانییەک بۆ خەڵکی کەرکووک و قوربانییانی خۆپێشاندانەکەی رۆژی شەممە 2-9-2023، پوولێکی پۆستەی نوێی راگەیاند کە بریتییە لە وێنەی پەیکەری پێشمەرگە لە شاری کەرکووک کە ئاڵای کوردستانی هەڵگرتووە.
 
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پوولەکە بەهاکەی پێنج هەزار دینارە، واتە یەکێکە لە گرانبەهاترین پوولەکانی ئێمە، چونکە لەو نرخە گرانترمان نییە، راگەیاندنی پوولەکە لەم کاتانەدا بۆ پشتیوانیکردنە لە دانیشتووانی کەرکووک و قوربانییانی خۆپێشاندانەکەی دوێنێ."
 
گوتیشی "لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست دەکرێت بە بەکارهێنانی ئەو پوولە نوێیە کە لە پۆستەی نێودەوڵەتیدا بەکاردەهێندرێت."
 
پەیکەری پێشمەرگە یەکێکە لە دیارترین پەیکەرەکانی شاری کەرکووک، بەرزییەکەی 23 مەتر و بنکەکەی 15 مەتر دەبێت. دروستکردنەکەی دوو ساڵی خایاندووە، لە رۆژی 28ـی تەممووزی 2015 تاوەکو 23ـی ئەیلوولی 2017.
 
پەیکەرەکە لەلایەن مانی ئەحمەد، پەیکەرساز و لەسەر ئەرکی ژمارەیەک کەسایەتیی کەرکووک دروستکراوە.
 
مانی ئه‌حمه‌د، په‌یكه‌رساز لە کاتی پەردەلادان لەسەر پەیکەرەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگه‌یاند "له‌وانه‌یه‌ ده‌یان هونه‌رمه‌ند لێره‌ كاری كردبێت و رۆیشتبێت، به‌ڵام بیرۆكه‌ و دیزایینی پەیکەرەکە كاری خۆمه‌، زۆر پێشمه‌رگه‌مان هه‌ن ونن و كه‌سوكاریان پێیان خۆشه‌ یادیان بكه‌نه‌وه‌ و، گوڵ بێننه‌ سه‌ر مه‌زاریان، ئێمە له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌م كاره‌مان کردووە."
 
لە 27ـی ئابەوە بەشێکی عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکی شارەکەیان و هەولێریان داخستبوو، لەسەر رێگەکە چادریان هەڵدابوو پاساویان ئەوەبوو دژی گێڕانەوەی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستانن لە کەرکووک، کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
 
دوێنێ، هاونیشتمانییانی کەرکووک دژی داخستنی رێگەی شارەکەیان و هەولێر خۆپێشاندانیان کرد، هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک کە لە هەفتەی پێشوودا بەرامبەر داخستنی رێگەکە لەلایەن عەرەبەکانی شارەکەوە هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو، بەشێوەیەکی تووند و بە گوللە وەڵامی خۆپێشاندەرانی کوردیان دایەوە و، لە ئەنجامیدا چوار کەس شەهیدبوون و 16 کەسیش بریندار بوون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی هەورامان. وێنە: ئیرنا

لە چوارچێوەی 'ئاسۆی جیهانیی هەورامان'دا ژێرخانی سێ گوندی ناوچەکە ئامادەکرا

بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشە دەستییەکانی پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە چوارچێوەی (ئاسۆی جیهانیی هەورامان) کە لەلایەن یونسکۆوە تۆمارکراوە، ژێرخانی سێ گوندی ناوچەی هەورامان لە سنووری شاری جوانڕۆ بە مەبەستی پاراستن و گەشەپێدانیان تەواوکرا.