بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی عێراق لە کەرکووک: کەسوکاری قوربانییان قەرەبوو دەکرێنەوە

03-09-2023
عەدنان رەشید
نیشانەکردن خۆپێشاندان لە کەرکووک بەرپرسیار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی شەممەی رابردوو، چوار هاونیشتمانیی کورد گیانیان لەدەستدا و 15ـی دیکەش بریندار بوون. کەسوکاری قوربانییان داوا دەکەن خوێنی رۆڵەکانیان 'بەفیڕۆ' نەڕوات.
 
بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی عێراقیش لە کەرکووک داوا لە کەسوکاری قوربانییان دەکات پەلەبکەن لە سکاڵا تۆمارکردن بۆ ئەوەی کەسوکاری کوژراو و برینداران قەرەبوو بکرێنەوە.
 
'براکەم کە شەهیدبوو تەنیا 250 دیناری لە گیرفان بوو'
 
رۆژی یەکشەممە 03-09-2023، ئەحمەد سابیر، برای حوسێن یەکێک لەو کەسانەی لە خۆپێشاندانەکان گیانی لە دەستدا، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد گوتی: براکەم لەسەر رێگەی سەرەکیی هەولێر-کەرکووک بەنزینفرۆش بوو، مووچەی نەبوو، کاتێک شەهیدبوو تەنیا 250 دیناری لە گیرفاندا بوو. شەش منداڵی دوای خۆی جێهێشتووە و دۆخی دارایی خراپە.
 
 
ئەحمەد سابیر، پەنجەی تۆمەت بۆ ئەو کەسانە درێژدەکات کە رێگەی هەولێر-کەرکووکیان گرتبوو. دەشڵێ "سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم کە نوێنەریان هاتە ماڵمان." هەروەها دەڵێ "دوای 16ـی ئۆکتۆبەر دۆخی کورد لە کەرکووک خراپە، زیاتر لە دوو هەزار هەمەریان هێناوەتە نێو بازاڕی رەحیماوا."
 
"ئەو کەسانەی لە خۆپێشاندانەکان گیانیان لەدەستدا، ئیمتیازی شەهید دەیانگرێتەوە"
 
محەممەد مستەفا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی عێراق لە کەرکووک، داوا لە کەسوکاری ئەو کەسانە دەکات کە لە خۆپێشاندانەکانی رۆژی شەممە گیانیان لەدەستدا، پەلە بکەن لە تۆمارکردنی سکاڵا تاوەکو 'وەک شەهید' هەژماربکرێن.
 
 
محەممەد مستەفا، دەڵێت: لە 2022 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری یاسای ژمارە 20ـی دەرکرد بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی لە خۆپێشاندانەکاندا گیان لەدەست دەدەن و برینداردەبن. بەپێی بڕیارەکە، ئیمتیازی شەهید دەیانگرێتەوە. 
 
سەبارەت بە رێکارەکانیش گوتی، پێویستە یەکەمجار سکاڵای یاسایی تۆماربکرێت، دواتر بۆ لیژنەی لاوەکی بەرزدەکرێتەوە. لیژنەکە کە لە 7 دامەزراوە پێکدێت، دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات و دواتر مامەڵەی شەهید پێشکێش دەکرێت و لیژنەکە بڕیار دەدەن لەمبارەیەوە.
 
 
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق، گرژییەکانی شاری کەرکووک بە 'کەمتەرخەمیی پارێزگاری کەرکووک' دەزانێت و دەڵێت: دەبوو پێش ئەوەی خوێن بڕژێت کێشەکە چارەسەر بکرێت. هەوڵدەدەین بەدواداچوون بکەین و ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە خوێنیان بەفیڕۆ نەچێت و سەرجەم ماف و ئیمتیازاتی شەهید بیانگرێتەوە.
 
 
"کەسوکاری قوربانییان دەتوانن سکاڵا لەسەر فەرماندەی ئەو هێزە تۆماربکەن کە فەرمانی تەقەکردنی کردووە"
 
هەمزە سلێمان، پارێزەری راوێژکار دەڵێت، ئەو کەس یان لایەنەی کە تۆمەتبارن، بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی سزا دەدرێن."

 

سەرەتا دەبێت کەسوکاری قوربانییان سکاڵا لەسەر فەرماندەی ئەو هێزە تۆماربکەن کە فەرمانی تەقەکردنی کردووە. دوای دەرچوونی بڕیاری دادوەر، کەسوکاری قوربانییان دەتوانن داوای قەرەبووش بکەنەوە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان بکاتەوە".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە