مەسرور بارزانی: بڕیارەکەی 'دادگای فیدراڵی' گاڵتەجاڕییە

رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمشەو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (توویتەری پێشوو) رایگەیاند "بڕیارەکەی ئەمڕۆی 'دادگای فیدراڵی' گاڵتەجاڕییە."
 
ئەو گوتەیەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە، 3-9-2023) لەسەر داوای پەرلەمانتار وەسفی عاسی حوسێن کە پەرلەمانتارێکی عەرەبی کەرکووکە، بڕیاری راگرتنی رێکارەکانی تایبەت بە رادەستکردنەوەی بارەگایەکی پارتی لەکەرکووک دا
 
دادگەکە رایگەیاند "بڕیاری رادەستکردنەوەی بارەگاکە کە لەلایەن (محەممەد شیاع سوودانی) سەرۆکوەزیرانەوە دەرچووە، رادەگیرێت تاوەکو ئەو سكاڵایەی دژی ئەو بڕیارە دراوە. یەکلایی دەکرێتەوە."
 
 
ئەو بڕیارەی دادگەی باڵای فیدراڵی دوای ئەوە هات، لە کاژێر 17:00ـی دوێنێ هاونیشتمانییان لەدژى داخستنى رێگەى هەولێر - کەرکووک دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، بەڵام گرژیی تێکەوت و چوار خۆپێشاندەر بە گوللە گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
خۆپێشاندانەکەی هاونیشتمانییان لەکاتێکدابوو لە 27ـی ئابی 2023ـوە لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک خۆپێشاندان دەستیپێکرد و رێگەی هاتووچۆی نێوان کەرکووک - هەولێر داخرا. خۆپێشاندەران کە بەشێکیان خۆیان وەکو ئەندامانی گرووپە چەکدارەکانی شیعە دەناساند، نایانەوێت ئەو شوێنە رادەستی پارتی بکرێتەوە، کە پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 ئەو حیزبەی تێدابوو.