رووداو - کەرکووک
لە کەرکووک خۆپێشاندان نەماوە، بەڵام هیزێکی زۆری سەربازی لە رەحیماوا، شۆراو، سەرچنار، فولکەی ئیخوان و گەڕەکە کوردییەکان بڵاوەیان پێکراوە و دەیان هاونیشتمانی دەستبەسەر کراون.
رەحمان تاهیر، دانیشتووی کەرکووک دەڵێت، "دۆخی کەرکووک لەمە خراپتر نابێت، ئەوە کەی وەزعە، عەسکەر لە هەموو لایەک هەیە، ئەی بۆ ئەوان 10 رۆژە رێگەیان گرتووە و کەس قسە ناکات، بەڵام ئێمە بە ئاڵای سپی رۆشتین تەقەیان لێکردین و شەهیدمان دا."
تاوەکو دوێنێ، بازاڕی رەحیماوا جمەی دەهات، بازاڕەکە لە قەرەباڵخترین بازاڕەکانی شاری کەرکووکە، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا دووکانی هاونیشتمانییەک بەناوی نیهاد کراوەیە، ئەوانی دیکە بەهۆی ئەو دۆخە سەربازییەی سەپێندراوە، دوور لە بازاڕ بوون.
نیهاد غێدان، دانیشتووی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمڕۆ هاتین بۆ بازاڕ، سەیر دەکەین هەمووی عەسکەرتاریەتە، دە فەرموو سەیری ئەم شارە و رەحیماوا بکە چی لێ بەسەرهاتووە."
یوسف کەرکووکی، دانیشتووی کەرکووک گوتی، "شەوێکی ناخۆشمان بەڕێکرد، کەچی رۆژەکەی خراپتر بوو، هەموولایەک سەربازگەیە."
لەسەر زەوی تاوەکو چاو بڕ بکات هێزی سەربازی هەموو سەر کۆڵانێکیان تەنیوە، لە ئاسمانیش سوپای عێراق هەر چاوی لەسەر گەڕەکە کوردییەکانە. ئەمڕۆ بۆ کوردانی کەرکووک، رۆژی بازاڕ و ژیانی ئاسایی نەبوو، رۆژی پرسە، چارەسەری بریندار و گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکان بوو.
لەدوای ئاڵۆزییەکانی رۆژی رابردووی کەرکووک، باڵاترین بەرپرسەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هاتنە سەر هێڵ، ئەمڕۆش شاندێکی مەکتەبی سیاسی و فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی کەرکووک کۆبوونەوە، بەڵام جگە لە هێورکردنەوەی دۆخەکە، نەیانتوانی کۆتایی بە کێوماڵی هیزە عێراقییەکان لە گەڕەکە کوردییەکان بهێنن.
هەرچەندە بەیانیی رۆژی یەکشەممە دوای حەوت رۆژ لە داخستنی، رێگەی کەرکووک - هەولێر کرایەوە، بەڵام ئارامی و ئاسایشی تەواوەتیی بۆ شارەکە نەهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ