رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی دا ئەوانەی لە رووداوەکانی دوێنێ (شەممە، 2-9-2023)ـی کەرکووک گیانیان لەدەستدا، بە شەهید هەژمار بکرێن و بریندارەکانیش هەموو هاوکارییەکی تەندروستی بکرێن.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 3-9-2023) لە رێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی و، لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، فەرمان کرا لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مامەڵەی شەهیدانە بۆ شەهیدانی رووداوەکانی دوێنێی کەرکووک بکرێت.
کاژێر 17:00ـی دوێنێ، لە گەڕەکی رەحیماوەی کەرکووک هاونیشتمانییان لەدژى داخستنى رێگەى هەولێر - کەرکووک دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، بەڵام گرژیی تێکەوت و چوار خۆپێشاندەر بە گوللە گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەو خۆپێشاندانەی هاونیشتمانییان لەکاتێکدابوو لە 27ـی ئابی 2023ـوە لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک خۆپێشاندان دەستیپێکرد و رێگەی هاتووچۆی نێوان کەرکووک - هەولێر داخرا. خۆپێشاندەران کە بەشێکیان خۆیان وەکو ئەندامانی گرووپە چەکدارەکانی شیعە دەناساند، نایانەوێت ئەو شوێنە رادەستی پارتی بکرێتەوە، کە پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 ئەو حیزبەی تێدابوو.
لەبەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی حکومەت سەبارەت بە بریندارەکانی ئەو خۆپێشاندانەی دوێنێی هاونیشتمانییان، کە بەشێکیان بە گوللـە بریندار بوون، هاتووە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی "هەموو هاوکارییەکی تەندروستی و چارەسەر بۆ بریندارەکان فەراهەم بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ