فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک: بە درۆن داعش بۆردوومانکرا

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی میحوەری پێنجی رۆژئاوای کەرکووکی پێشمەرگە رایگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە سنووری دووبز چەند چەکدارێکی داعش بە درۆن کراونەتە ئامانج.
 
نووری حەمەعەلی، فەرماندەی میحوەری پێنجی رۆژئاوای کەرکووکی پێشمەرگە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 03-09-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 1:50ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەند چەکدارێکی داعشی لە گوندی قەرەختووی سنووری دووبز کردووەتە ئامانج و بەهۆی دوورییان لە سنووری پێشمەرگەوە، زیانەکان نەزانراون.
 
نووری حەمەعەلی گوتی "زانیاریی پێشوەختە لەسەر بوونی چوار چەکداری داعش لە سنووری گوندەکە هەبوو، ئەمڕۆ بە درۆن کراونەتە ئامانج و نازانرێت درۆنەکان لەلایەن سوپای عێراقەوە ئاراستەکراون یاخود هاوپەیمانان."
 
لەبارەی نزیکی شوێنەکە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە، فەرماندەی میحوەری پێنجی رۆژئاوای کەرکووک گوتی "بۆردوومانەکە لەوبەرەی بەنداوی دووبز بووە و دووربووە لە سنووری دەسەڵاتی پێشمەرگە."