هاکان فیدان: بە ئەوپەڕی نیگەرانییەوە لە پشێوییەکانی کەرکووک دەڕوانین کە گیانلەدەستدانی لێکەوتەوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی دۆخی کەرکووک دەڵێت، "بە ئەوپەڕی نیگەرانییەوە لە پشێوییەکانی کەرکووک دەڕوانین کە گیانلەدەستدانی لێکەوتەوە." دەشڵێت، "داوا لە بەرپرسانی عێراق دەکەین، کۆتایی بە بوونی پەکەکە لە شارەکە بهێنن کە لەم دواییانە زیادی کردووە."
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەورەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دا کە لە تاران بەڕێوەچوو، لەگەڵ ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، هاوتا ئێرانییەکەی قسەیان کرد. هاکان فیدان لە بەشێکی قسەکانی دا باسی لە دۆخی شەوی رابردووی کەرکووک کرد. 
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، "کەرکووک وەکو سیمبولی کولتووری ئاشتی و پێکەوەژیان دەبینین. ئەو حکومەتەی لە عێراق بە سەرکردایەتیی سەرۆکوەزیران سوودانی پێکهێندراوە، سەقامگیریەکی بۆ وڵاتەکە دەستەبەر کردووە. بەتایبەتی ئێمە پشتیوانیی خۆی و حکومەتەکەی لە پڕۆژە دوورمەوداکانی ژێرخان و سەرخانی وڵاتەکەی دەکەین کە هەوڵی بۆ دەدات."
 
ئێوارەی دوێنێ هەینی، 02-09-2023، دانیشتووانی گەڕەکی رەحیماوای کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد و داوای کردنەوەی رێگەی هەولێر - کەرکووکیان کرد، بەڵام دواتر ئاراستەی خۆپێشاندانەکە گۆڕدرا و گرژی لێکەوتەوە.
 
هێزە عێراقییەکان بۆ بڵاوپێکردنی خۆپێشاندەران تەقەیان کرد، بەهۆیەوە چوار خۆپێشاندەری کورد گیانیان لەدەستدا و 15ی دیکەیش بریندار بوون.
 
هاکان فیدان لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا باسی لەوە کرد، "لە دۆخێکی وەهادا بەوپەڕی نیگەرانییەوە لە پشێوییەکانی کەرکووک دەڕوانین کە گیانلەدەستدانی لێکەوتەوە، لەکاتێکدا کەرکووک بۆ تورکمانە هاوڕیشەکانمان کە نەتەوەی رەسەن و دامەزرێنەری عێراقن و ئەو شارە بۆ ئەوان لە پێگەی نیشتمانی دایکە."
 
دەقی قسەکانی هاکان فیدان لەبارەی دۆخی کەرکووک:
 
"کەرکووک وەکو سیمبولی کولتووری ئاشتی و پێکەوەژیان دەبینین. ئەو حکومەتەی لە عێراق بە سەرکردایەتیی سەرۆکوەزیران سوودانی پێکهێندراوە، سەقامگیریەکی بۆ وڵاتەکە دەستەبەر کردووە. بەتایبەتی ئێمە پشتیوانیی خۆی و حکومەتەکەی لە پرۆژە دوورمەوداکانی ژێرخان و سەرخانی وڵاتەکەی دەکەین کە هەوڵی بۆ دەدات. پەی بەوە دەبەین کە ئەمە چەندە گرنگە بۆ ئەمڕۆ و داهاتووی عێراق. لە دۆخێکی وەهادا بەوپەڕی نیگەرانییەوە لەو پشێوییەکانی کەرکووک دەڕوانین کە گیانلەدەستدانی لێکەوتەوە، لەکاتێکدا کەرکووک بۆ تورکمانە هاوڕیشەکانمان کە نەتەوەی رەسەن و دامەزرێنەری عێراقن و ئەو شارە بۆ ئەوان لە پێگەی نیشتمانی دایکە. ئێمە لە کاتی خۆیدا هۆشداری و پێشنیازمان بە بەرپرسانی عێراق داوە و گوتوومانە کە بوار بە هەوڵی لەمجۆرە نەدرێت. چ لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران، چ لەگەڵ ئیدارەی هەولێر لەبارەی ئەم بابەتە دیدارم هەبوو. لەم چوارچێوەیەدا داوا لە بەرپرسانی عێراق دەکەین ، کۆتایی بە بوونی پەکەکە لە شارەکە بهێنن کە لەم دواییانە زیادی کردووە".