دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رادەستکردنەوەی بارەگاکەی پارتی لە کەرکووک رادەگرێت


رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر داوای پەرلەمانتارێکی عەرەبی پارێزگای کەرکووک بڕیاری راگرتنی رێکارەکانی تایبەت بە رادەستکردنەوەی بارەگایەکی پارتی لەکەرکووک دا. دادگەکە دەڵێت، "بڕیاری رادەستکردنەوەی بارەگاکە کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دەرچووە، رادەگیرێت تاوەکو ئەو سكاڵایەی دژی ئەو بڕیارە دراوە یەکلایی دەکرێتەوە."
 
رۆژی یەکشەممە، 3-9-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر داوای پەرلەمانتار وەسفی عاسی حوسێن کە پەرلەمانتارێکی عەرەبی کەرکووکە و داوایکردبوو دادگەکە بڕیارێکی بەپەلە بۆ راگرتنی رێکارەکانی رادەستکردنەوەی بارەگای "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک" کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە بارەگای خۆی دەزانێت و داوای دەکاتەوە، بدات. دادگەکە بڕیاریدا تاوەکو یەکلاییکردنەوەی ئەو سكاڵایەی دژی ئەو بابەتە کراوە، سەرجەم رێکارەکانی رادەستکردنەوەکە رابگیرێن.
 
وەسفی عاسی حوسێن، پەرلەمانتاری عەرەب لە کەرکووک، سکاڵایەکی بە ژمارە (213/فیدراڵی/20230) پێشکێشی دادگەی فیدراڵیی عێراق کردبوو و، داوای کردووە دادگەکە ئەو بڕیارەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق هەڵبووەشێنێتەوە کە رۆژی 25ـی ئابی 2023 دەریکردووە و تێیدا هاتووە، "ئەو باڵەخانەیەی کە ئێستا بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە لە کەرکووک و ئەو شوێنەوارانەی کە لێی کەوتووەتەوە" رابگرێت تاوەکو ئەو سکاڵایەی تۆمارکراوە یەکلایی دەکرێتەوە کە تێیدا داواکراوە ئەو بڕیارە هەڵبووەشێندرێتەوە.
 
پاساوی دادگەکەش بۆ ئەو بڕیارەی ئەمڕۆی، پاراستنی ئاسایشی کەرکووک و گیانی هاووڵاتییان و پاراستنی دەستووری عێراقە کە جەخت لەسەر پێکەوەژیان و پاراستنی سەروەرەی و یەکێتیی خاکی عێراق دەکاتەوە. 
 
لە 27ـی ئابی 2023، لە بەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک خۆپێشاندان دەستیپێکرد و رێگەی هاتووچۆی نێوان کەرکووک - هەولێر داخرا. خۆپێشاندەران کە بەشێکیان خۆیان وەکو ئەندامانی گرووپە چەکدارەکانی شیعە دەناساند، نایانەوێت ئەو شوێنە رادەستی پارتی بکرێتەوە، کە پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ئەو حیزبەی تێدابوو. 
 
کارنامەی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی لە دوو تەوەر پێکدێت؛ تەوەری جێبەجێکردن و تەوەری یاسادانان و لایەنەکان لەسەریان رێککەوتوون. لە خاڵی 13ـی بەشی یەکەم واتە تەوەری جێبەجێکردندا هاتووە "سەرجەم حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان و ئەوانی دیکەش مافی سیاسی و دەستوورییان هەیە لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک و دیالە و سەڵاحەدین کاربکەن، دەبێت بارەگای حیزبەکان کە ئەوانی دیکەی تێیدایە چۆڵ بکرێن."
 
لە رۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان کەرکووک و دەوروبەریان کۆنترۆڵکرد، پارتی لە کەرکووک کشایەوە و بارەگاکانی چۆڵکرد.