رووداو دیجیتاڵ
جوان شێخ لەتیف، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانەی سلێمانی لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نوورۆژی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، لە ساڵی 2014ـەوە هیچ بودجەیەکیان بۆ تەرخان نەکراوە بۆ کڕینی کتێب و چاویان لەوەیە نووسەران کتێبیان بە دیاری بۆ ببەن.
جوان شێخ لەتیف گوتی، "دوای ئەوەی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان دروستبوو، کڕینی کتێب بۆ کتێبخانە گشتییەکان وەستا. پێشتر بودجەیەکمان هەبوو بۆ کڕینی کتێب، بەڵام ئێستا بەپێی ژمارەی سپاردنی کتێبەکان، ئەو کەسانەی کتێب دەردەکەن، وەزارەتی رۆشنبیری داوایان لێدەکات کتێب ببەخشنە کتێبخانە گشتییەکان و لە شەش تاوەکو 10 کتێبمان پێ دەدرێت، واتە چاومان لەوەیە ئەو کەسانەی کتێب دەردەکەن، کتێب بە کتێبخانەی گشتی سلێمانی ببەخشن. لە ساڵی 2014ـەوە بودجەی کڕینی کتێبەکان وەستاوە و لەو کاتەوە نەمانتوانیوە کتێب بۆ کتێبخانەی گشتیی سلێمانی بکڕین".
بەگوێرەی ئاماری کتێبخانەی گشتیی سلێمانی، ئێستا زیاتر لە 27 هەزار کتێب، گۆڤار و رۆژنامە لەو کتێبخانەیە هەن.
لەبارەی سەردانیکردنی خوێنەران بۆ کتێبخانەکە، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانەی سلێمانی نایشارێتەوە کە "سەردانیکردنی خوێنەران و هاونیشتمانییان بۆ کتێبخانەکەمان کەمبووەتەوە. خوێنەر رووی کردووەتە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە کتێبخانە دوورکەوتوونەتەوە، بەڵام هەوڵمان داوە لە رێگەی پێشانگە و فێستیڤاڵەکانەوە وابکەین خەڵک لە کتێبخانە نزیک بن و پرۆژەی کتێب خوێندنەوەشمان لەنێو گەنجاندا هەبووە".
لەبارەی پەرەپێدانی کتێبی دەنگیش، جوان شێخ لەتیف دەڵێت، "بیرمان لەوە کردووەتەوە، کتێبەکان بکەن بە دەنگی، یان ئەو کتێبانەی بەرەو لەناوچوون دەچن بکرێنە دەنگی یان چاپی دیکەیان لێ بکرێت، بەڵام بودجەی پێویستمان بۆ ئەو پڕۆژەیەش لەبەر دەستدا نەبووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ