گالەری


رووداو دیجیتاڵ

خۆڵبارین و بارانی لە ناکاو، کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمی هەنگوینی سرووشتیی دەڤەری باڵەکایەتی کردووە. جووتیاران دەڵێن، بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوین لە سنوورەکە بەڕیژەی 50% کەمی کردووە.
 
لە بەرزاییەکانی بناری چیای هەڵگورد لە دەڤەری باڵەکایەتی، وەرزی بڕینەوەی شانە و كۆكردنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوین دەستیپێكردووە، بەشێك لە هەنگەوانان دەڵێن، ئەمساڵ بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بە تایبەت زۆربوونی خۆڵبارین، بەرهەمی هەنگوین لەو دەڤەرە کەمی کردووە.
 
جەبار نەبی ئاغا کە هەنگەوانێکی دەڤەرەکەیە و زیاتر لە 15 ساڵە ئەو کارە دەکات، دەڵێت، "ئەمساڵ بەهۆی خۆڵبارین و بارانی ناوەخت، بەرهەمی هەنگوین لەم دەڤەرە 50٪ کەمی کردووە." دەشڵێت، "ئێمە هەنگوینەکانمان 100٪ سرووشتییە. مێش هەنگوینەکانمان سوود لە شیلەی گوڵەکانی ئەم ناوچەیە دەبینن، بەڵام ئەمساڵ خۆڵبارین و بارانی لە ناکاو، زیانی زۆری بە شیلەی گوڵەکان گەیاندووە، بەوهۆیەوە بەرهەمی هەنگوین کەمی کردووە."
 
ئەو هاونیشتمانییە باس لەوەش دەکات، بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی هەنگوین، نرخی کیلۆیەکیشی بەراورد بە پار بەرزبووەتەوە. دەشڵێت، پار کە نرخی کیلۆیەکی بە 40-50 هەزار بوو، ئەمساڵ بووەتە 60-70 هەزار دیناری عێراقی.
 
بە گوتەی ئەو هەنگەوانە، لە ناوچەکانی گەرمیان ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین بەراورد بە ناوچە کوێستانییەکان باشترە، چونکە بارانی لەناکاو لەو ناوچانە کەمتر بووە وەک لە ناوچە کوێستانییەکان.
 
لە هەرێمی كوردستان ئەگەر كەشوهەوا لەباربێت و باران باش ببارێت، هەنگ دووجار بەرهەم دەدات، وەرزی بڕینەوەی بەهارە لە ناوەڕاستی مانگی ئایار دەستپێدەكات تاوەكو 20ی مانگی حوزەیران. وەرزی بڕینەوەی هاوینەش بەگوێرەی ناوچەكان لە ناوەڕاستی مانگی ئابەوە دەستپێدەكات تاوەكو كۆتایی مانگی ئەیلوول.
 
لەڕووی تەندروستییەوە، هەنگوین پارێزگاری لە لەش دەکات لە تووشبوون بە بەکتریا و ڤایرۆس و جۆرەھا نەخۆشی دیکە، کە زۆر دەوڵەمەندە بە ماددە و ڤیتامینیەکان کە پێویستن بۆ جەستەی مرۆڤ. هەروەها جێگرەوەیە بۆ گۆشت، شیر، میوە، سەوزە و کرداری هەرس و دەرهاوێشتن ئاسان دەکات، جگە لەوەش یارمەتیی کۆئەندامی هەناسە دەدات و چەند سوودێکی دیکەی تەندروستی هەیە.