رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا بۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی گوتارێکی پێشکێش کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "تاهەتایە ئەو ئازارە لەبیرناچێتەوە." جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت چارەنووسی رفێندراوان ئاشکرا بکرێت، "دڵنیاتان دەکەینەوە تاوەکو تاقە رفێندراوێک مابێت کار دەکەین بۆ رزگارکردنیان."
ئەمڕۆ شەممە 3ی ئابی 2024 زانکۆی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی، یادی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی دەکاتەوە و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمەکەدا بەشدارە.
لە دەستپێکی گوتارەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئازار و حه‌سره‌تى کۆمەڵکوژی و رفاندن و دەربەدەربوونی کوردانی ئێزدی، "نه له (10) ساڵدا، بەڵکو هه‌تاهەتايه له‌بير ناكرێن!" جەختی لەوەش کردەوە، "له نزيكه‌وه هه‌ست به ژان و ئازاری کەسوکاری قوربانیانی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی ده‌كه‌ين."
نێچیرڤان بارزانی بە پێویستی دەزانێت چاره‌نووسى ونبووانی ئێزدی ئاشكرا بكرێت و كه‌سوكاريان له ئازارى چاوه‌ڕوانى رزگار بکرێن، دەشڵێت، "هه‌تا تاقه رفێندراوێك مابێت، كارى تيمه‌كانى نووسينگه بۆ رزگاركردنى رفێندراوانى ئێزدى به‌رده‌وام ده‌بێت."
هەروەها لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا باسی ئەو هێزە نایاساییانەی کرد کە لە شنگالن و گوتی، "پەکەکە و هه‌ر هێزێكى ناياسايى ده‌بێت شنگال جێبهێڵن، تاوەكو هه‌مووان پێكه‌وه بتوانن ئاسايش، ژيان، ئاوه‌دانى، ئومێد و هيوا بگێڕينه‌وه بۆ شنگال."
لەبارەی ئایینی کوردانی ئێزدییەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئێزدياتى، ئايينى ژياندۆستى، مرۆڤدۆستى و يه‌كترقبووڵكردنه، كێشه‌ى له‌گه‌ڵ هيچ ئايين و باوه‌ڕێكى ديكه‌دا نييه."
لە کۆتایی گوتارەکەشیدا داوای لە زانکۆکان کرد، بەشێک لە تێزی ماستەرنامە و دکتۆراکانیان بۆ پرسی ئێزدیيان تەرخان بکەن، كه هەموو کایەکانی ژیانيان لەخۆ بگرێت.
دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
جه‌نابى ميرى ئێزدييان، مير حازم ته‌حسين به‌گ،
جه‌نابى بابه‌شێخ،
خوشك و برایێن خۆشەویست یێن ئێزدی،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
به‌يانيتان باش..
هه‌موو لايه‌كتان به‌خێر بێن بۆ رێوڕه‌سمى يادى به‌ئازارى 10 ساڵه‌ى جينۆسايدى ئێزدييان. يادى يه‌كێك له تاوانه هه‌ره دڕنده‌كانى مێژوو، كه ئه‌مڕۆ دواى 10 ساڵ، هێشتا برينێكى كراوه‌يه و تا ئێستا هاووڵاتييانى ئێزديمان به ده‌ست لێكه‌وته‌كانيه‌وه ده‌ناڵێنن. يادى تاوانكارييه‌كى ديكه‌ى ترسناك كه چووه ريزى كيمياباران و ئه‌نفال و راگواستن و زينده‌به‌چاڵكردن، وێرانكردن و هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ى به‌رامبه‌ر به گه‌ل و خاكى كوردستان كراون.
شه‌هيدبوونى زياتر له (5,000) كه‌س كه سه‌تانيان پێكه‌وه گولـله‌باران كران و له نزيكه‌ى (100) گۆڕى به‌كۆمه‌ڵدا خرانه ژێر خاك، رفاندنى زياتر له (6,417) كچ و ژن و منداڵى ئێزدى، به‌سه‌بيكردن و كڕين و فرۆشتنيان له بازاڕه‌كاندا، كه به‌داخه‌وه هێشتا چاره‌نووسى (2,596)يان نادياره، وێرانبوونى شنگال و ده‌وروبه‌رى، ده‌ربه‌ده‌ربوونى سه‌تان هه‌زار خه‌ڵكى شنگال و ناوچه‌كه، ئازار و حه‌سره‌تى هه‌موو ئه‌مانه، نه له (10) ساڵدا، هه‌تاهەتايه له‌بير ناكرێن!
جينۆسايدى ئێزدييان له سه‌رده‌مى جيهانى مۆدێرن و پێشكه‌وتندا، شۆكێكى گه‌وره‌ى باوه‌ڕنه‌كراو بوو كه ته‌واوى مرۆڤايه‌تى لە جیهاندا هه‌ژاند. بوو به خاڵێكى وه‌رچه‌رخان له مێژووى كوردستان و عێراق كه ده‌بووايه زۆر جدديتر هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر بكرێت و هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى پێكه‌وه كار بكات بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رگيز و هەرگیز له شوێنێكى ديكه ئەم تاوانە دووباره نه‌كرێتەوە. هه‌موو هه‌وڵێك بخرێته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى تاوانكاران به سزاى خۆيان بگه‌ن، دادپه‌روه‌ر‌ى بۆ قوربانييان جێبه‌جێ ببێت و به هه‌موو شێوه‌يه‌ك قوربانییان قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه!
له‌م ياده‌دا به‌وپه‌ڕى شكۆدارييه‌وه يادى قوربانييان ده‌كه‌ينه‌وه. له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا سه‌ر داده‌نوێنين. ئه‌وان بۆ هه‌ميشه له يادى هه‌موو كوردستانييه‌ك و هه‌ر مرۆڤێكى به‌ويژداندا ده‌مێننه‌وه. سڵاو و ڕێز بۆ ماڵبات و كه‌سوكارى دڵبرينى قوربانييان. له نزيكه‌وه هه‌ست به ژان و ئازاريان ده‌كه‌ين. ئاگادارين و ده‌زانين به‌رده‌وام له چ حه‌سره‌ت و ئاهـ و خه‌مگينييه‌كدا رۆژ و شه‌وانيان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. هاوسۆز و هاوخه‌م و هه‌ميشه پشتيوانيانين.
به‌ڕێزان،
هه‌ستانه‌وه له جينۆسايد، ده‌ستكردنه‌وه به ژيان، دروستكردنه‌وه‌ى ئومێد و هيوا به داهاتوو بۆ ئێزدييان له دۆخ و سه‌رده‌م و جوگرافياى ئاوادا، كارێكى ئاسان نییە و بەڵكو زۆریش سه‌خته، به‌ڵام خۆڕ‌اگرى و ئيراده‌يان بۆ ژيان و مانه‌وه و به‌رده‌وامى، وا ده‌كات ئێزدى چۆن له رابردوودا به ده‌يان فه‌رمانى نه‌هێشتن و قڕكردن له‌ناو نه‌چوون، ئاوها ئه‌مجاره‌ش له‌سه‌ر سووتماك و نه‌هامه‌تييه‌كانى ئه‌و جينۆسايده، هه‌ستنه‌وه سه‌رپێ و ده‌ست پێبكه‌نه‌وه.
ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى كراوه بۆ داننان به جينۆسايدى ئێزدييان، هاوكاريى نێوده‌وڵه‌تى، ئه‌وه‌ى له هه‌رێمى كوردستان و لە عێراق بۆ خزمه‌تى ئێزدييان كراوه له دانانى ياساى (رزگاربووانى ئێزدى و پێكهاته‌كانى دیكە له مه‌سيحى و توركمان و شه‌به‌ك)، بڕينه‌وه‌ى يارمه‌تيى مانگانه له حكومه‌تى فيدراڵیی عێراق و هەروەها پشتیوانی لەلایەن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانەوە كە بۆ يارمه‌تيدانى ئاواره ئێزدييه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ شنگال و چه‌ندين هه‌نگاوى ديكه‌ش، جێى رێز و پێزانين و ده‌ستخۆشين، به‌ڵام به دڵنيايييه‌وه هيچێك له‌وانه به‌س نين و هێشتا زۆر ماوه كه ده‌بێ بۆ گەلی خۆشەویستی ئێزدییان بكرێت.
كه‌مكردنه‌وه‌ى لێكه‌وته‌كانى جينۆسايد، ئه‌رك و به‌ر‌پرسياريه‌تيى هاوبه‌شى هه‌مووانه له عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ته‌نانه‌ت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش. چاره‌سه‌ركردنى لێكه‌وته‌ى ده‌روونى، كۆمه‌ڵايه‌تى، مرۆيى، ئابوورى و ژينگه‌يى جينۆسايد، ئه‌ركێكى قورس و درێژخايه‌نه كه توانا و پسپۆڕى و پێويستيى زۆرى ده‌وێت. ئێمه هه‌موومان جگه له به‌رده‌وامى و سه‌رخستنى ئه‌و ئه‌ركه، هيچ ڕێگه‌يه‌كى ديكه‌مان له‌پێش نييه و ده‌بێ بيكه‌ين. ده‌بێ چاره‌نووسى ونبووان ئاشكرا بكرێت و كه‌سوكاريان له ئازارى به‌رده‌وامى چاوه‌ڕوانى ڕزگار بكه‌ين.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌موو خوشك و برايانى ئێزدى دڵنيا ده‌كه‌ینەوە هه‌تا تاقه رفێندراوێك مابێت، كارى تيمه‌كانى نووسينگه بۆ رزگاركردنى رفێندراوانى ئێزدى به‌رده‌وام ده‌بێت. به هه‌زاران قوربانى بۆ ماوه‌يه‌كى درێژخايه‌ن پێويستييان به چاره‌سه‌رى ده‌روونى و چاودێريى تايبه‌تی هه‌يه، ده‌بێ بۆيان مسۆگه‌ر بكرێت و يارمه‌تییان بدرێت بۆ گێڕانه‌وه‌يان بۆ ژيانى ئاسايى. شنگال و ده‌وروبه‌رى، پێويستی به ئاوه‌دانكردنه‌وه و خزمه‌تگوزارى و مسۆگه‌ركردنى ئارامى و سه‌قامگيریيه. بۆيه پێويسته حكومه‌تى عێراقى فيدراڵ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هاوكارى بكات بۆ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنامەی شنگال و ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخەكەی.
پێويسته خزمه‌تكردنى خه‌ڵكى شنگال و پێكهاته‌ى ئێزدى، كارى له‌پێشينه‌ى هه‌موومان بێت. هه‌موو پێكه‌وه كار بكه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى چيتر شنگال و ئێزدى نه‌بنه گيرۆده‌ى ئه‌جێنداى حزبى و سياسى و بارمته‌ى ده‌ستى هاوكێشه و هێزه ناوچه‌يييه‌كان. شنگالييه‌كان ده‌بێت خۆيان كارو‌بارى خۆيان به‌ڕێوه ببه‌ن و چيتر ديلى ده‌ستى هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى سنوور نه‌بن.
بۆيه PKK و هه‌ر هێزێكى ناياسايى، ده‌بێت شنگال بەجێبهێڵن تاوەكو هه‌مووان پێكه‌وه بتوانن ئاسايش، ژيان، ئاوه‌دانى، ئومێد و هيوا بگێڕينه‌وه بۆ شنگال. له عێراقى فره‌ئايين و نه‌ته‌وه‌دا، بوونى كاراى دامه‌زراوه‌كان و جێبه‌جێكردنى ده‌ستوور، گه‌ره‌نتيى پاراستنى هه‌موو پێكهاته‌كان و ماف و ئێستا و داهاتوويانه. كليلى ئارامى و سه‌قامگيرى و پێشكه‌وتنى وڵاته، بۆيه ده‌بێ هه‌موومان كار بكه‌ين بۆ جێبه‌جێكردنى ده‌ستووری هەمیشەیيی عێراق.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
ئێزدياتى، ئايينى ژياندۆستى، مرۆڤدۆستى و يه‌كترقبووڵكردنه، كێشه‌ى له‌گه‌ڵ هيچ ئايين و باوه‌ڕێكى ديكه‌دا نييه. ئێزدى به سرووشتى خۆيان خه‌ڵكێكن زۆر حه‌ز ده‌كه‌ن به خۆشى و ئاشتييانه له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا بژين، بۆيه كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى تا بڵێى حه‌ز به ئاشتى و ئارامى و سه‌قامگيرين. له‌گه‌ڵ وڵات و گه‌ل و ده‌ر و دراوسێدا زۆر دڵسۆز و مرۆڤپه‌روه‌رن، بۆيه ئێزدى بنه‌مايه‌كى گرنگى كولتوورى ده‌وڵه‌مه‌ندى فره‌يى و پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يين له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى و عێراق.
به جينۆسايدكردنى ئێزدييان، داعش ويستى دوژمندارى و لێكترازان و ناكۆكى بخاته نێوان پێكهاته‌كانى كۆمه‌ڵگه و كولتوورى پێكه‌وه‌ژيانمان تێك بدات. به داخه‌وه له شنگال و لە هه‌ندێ ناوچه‌ى ديكه، ئێزدى له خه‌و هه‌ستان و بينييان كه درواسێ و كريڤى چه‌ندين ساڵه، به‌رگ و بير‌ى ره‌شى داعشيان پۆشيوه و ده‌ست له هيچييان ناپارێزن. ئه‌وه به راستى جێى ئازارێكى قووڵ و ژانێكى گه‌وره‌يه.
بۆيه خه‌ڵكى ئێزديمان ئێستا دواى (10) ساڵ له جينۆسايد و مه‌ينه‌تييه‌كانى، له هه‌موو شتێك زياتر پێويستييان به دروستكردنه‌وه و بنياتنانه‌وه‌ى متمانه‌يه. ئه‌ركى هه‌موومانه، له هه‌موو روويه‌كه‌وه هه‌رچى پێويسته بيكه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى دڵنيايى، متمانه، هيوا و ئومێد به داهاتوويه‌كى گه‌ش و پارێزراو، به ئێزدييان ببه‌خشين. ڕێگه‌يه‌ك بدۆزينه‌وه كه ئه‌وه‌ى به سه‌ر ئه‌واندا هاتووه، ئيتر بۆ هه‌ميشه ببێته هۆكارى پاراستن و هه‌رگيز ڕۆژى ڕه‌شى وا نه‌بيننه‌وه.
جگه له‌و هه‌موو ئه‌ركانه‌ى ده‌كه‌وێتە سه‌ر شانى حكومه‌ت و لايه‌نه سياسى و په‌يوه‌نديداره‌كان بۆ خزمه‌تكردنى ئێزدييان، دەمەوێت ئاماژە بەو رۆڵە گرنگەش بکەم کە زانکۆکان دەتوانن بیگێڕن. زۆر گرنگە دامەزراوە ئەکادیمییەکانمان توێژینەوەی زانستی و تێزى ئەکادیمی بە زمانى جیاواز تەرخان بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە ئێزدییەکان كە چۆن ئایین و کو‌لتوور و نەریت و زمانی خۆیان پاراستووە؟
بۆيه داوا لە زانکۆکانمان دەکەم بەشێک لە تێزی ماستەرنامە و دکتۆراکانیان بۆ پرسی ئێزدیيان تەرخان بکەن كه هەموو کایەکانی ژیانيان لەخۆ بگرێت. بەم کارە سەکۆیەک بۆ ئێزدیيان دەڕەخسێنین بۆ دەربڕین و بەرگریکردن لە کەیسەکەیان، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتی و میراتيان، تا ببێتە سەرچاوەیەکی بەڵگەنامە و دیکۆمێنت و له سه‌رچاوه جیهانییەکاندا.
له كۆتاييدا به‌وپه‌ڕى رێز و پێزانينه‌وه يادى ئه‌و پێشمه‌رگه قاره‌مانانه ده‌كه‌ينه‌وه كه به سه‌ركردايه‌تيى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى له ئۆپه‌راسيۆنى رزگاركردنى شه‌نگال گيانيان به‌خشى. دروود بۆ گيانى پاكيان، ياديان هه‌ميشه به خێر بێت. سڵاو بۆ خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزيان ده‌نێرين.
سوپاس بۆ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى كه بۆ تێكشكاندنى داعش يارمه‌تيى عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان دا. چۆن پێكه‌وه داعشمان تێكشاند، ئاواش پێكه‌وه به هاريكاريى هاوبه‌ش له هه‌موو بواره‌كاندا، بير‌ى تاريكى تيرۆر و توندڕه‌وى و توندوتيژى له‌ناو ده‌به‌ين. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌بێ به‌رده‌وام له كار و هه‌وڵ و كۆششدا بين، چونكه داعش بە بۆچوونی ئێمە هێشتا مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه كه هه‌ڕه‌شه له ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و ناوچه‌كه ده‌كات.
ده‌ستخۆشى له زانكۆى كوردستان هه‌ولێر و نووسينگه‌ى ڕزگاركردنى ڕفێندراوانى ئێزدى ده‌كه‌م بۆ ڕێكخستنى ئه‌م ياده. هه‌ر به‌م بۆنه‌يه‌وه به ناوى خۆم و ئێوه‌شه‌وه، به گه‌رمى ده‌ستخۆشى له به‌رپرسان و تيمه‌كانى نووسينگه ده‌كه‌م بۆ ڕزگاركردنى ڕفێندراوان. ڕزگاركردن و گه‌ڕانه‌وه‌ى (3,579) ڕفێندراو كارێكى مه‌زن و مايه‌ى سوپاس و پێزانينێكى زۆره، هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوام.
خوشك و برايانى ئێزدى دڵنيا ده‌كه‌مه‌وه كه بۆ هه‌ميشه پشتيوانيان ده‌بين و به‌رگرى له مافه‌كانيان ده‌كه‌ين. له هه‌وڵه‌كانمان بۆ به‌پارێزگاكردنى شه‌نگال و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى به‌رده‌وام ده‌بين. كار ده‌كه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى و نوێنه‌رايه‌تيكردنى سياسى و كارگێڕيى ئێزدييان و هه‌موو پێكهاته‌كان له داموده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان وه‌ك پێويست و پارێزراو بێت. به‌رده‌وام ده‌بين تا به شێوه‌يه‌كى فراونتر جينۆسايدى ئێزدييان له جيهان بناسرێت و قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه.
ده‌ستخۆشى له هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌كه‌م كه ئه‌مڕۆ له هه‌ر شوێنيك ئه‌م ياده خه‌مگينه ده‌كه‌نه‌وه. سوپاس و ڕێز و پێزانين بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى له ساتى يه‌كه‌مى جينۆسايده‌كه‌وه له‌گه‌ڵ خوشك و برايانى ئێزدى و خه‌ڵكى شه‌نگالدا وه‌ستان، به‌تايبه‌تى خه‌ڵكى دڵسۆز و ميوانپه‌روه‌رى دهۆك و بادينان به‌گشتى كه به هه‌موو شێوه‌يه‌ك باوه‌شيان بۆ لێقه‌وماوانى شه‌نگال كرده‌وه. مرۆڤپه‌روه‌ر‌ى و جوامێريى ئه‌وان هه‌رگيز له‌بير ناچێته‌وه.
لە كۆتاییدا سڵاو له ياد و گيانى پاكى جه‌نه‌رالى فڕۆكه‌وانى عێراقى (ماجد عبدالسلام التميمي) كه له كاتى يارمه‌تيدانى لێقه‌وماوانى شه‌نگالدا گيانى له‌ده‌ستدا و شه‌هيد بوو. سڵاو بۆ گیانی پاكی ئەو دەنێرین و هەر لێرەوە سڵاو و ڕێز و خۆشەویستیمان بۆ بنەماڵەكەی دووپات دەكەینەوە.
دیسانەوە هه‌موو لايه‌كتان به خێر بێن.
زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ