لە ئێلیهـ قوتابخانەیەک بەناوی "شەهیدانی غەززە" کرایەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قوتابخانەیەکی بنەڕەتی کە تازە لە پارێزگای ئێلهی باکووری کوردستان کراوەتەوە، بە ناوی "شەهیدانی غەززە"ـەیە.
 
هەریەک لە پارێزگار و بەڕێوەبەری لقی ئێلیهی یەکێتیی پەروەردەیی دوای کۆبوونەوە، گەیشتنە رێککەوتن لەسەر ئەوەی قوتابخانەیەکی تازە تەواوکراو بە ناوی 'شەهیدانی غەززە'ـوە بکەن.
 
لە راگەیێندراوێکی یەکێتیی پەروەردەکاران (ئەیتیم-بیر-سەن) - لقی ئێلیهـ کە ئەمڕۆ (شەممە، 3-8-2024) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، قوتابخانەکە تازە کراوەتەوە و دەکەوێتە گەڕەکی تیلمەرج لە ناوەندی ئێلیهـ. 
 
شەهمووز ئۆنلو، سەرۆکی لقی ئێلیهی ئەیتیم بیر سەن رایگەیاند "لە هێرشەکانی چەند مانگی رابردووی ئیسرائیل دا هەزاران فەڵەستینی کوژراون و هەزاران کەسیش بریندار بوون."
 
ئۆنلو هەروەها باسی لەوە کرد؛ جیهان لەبەرامبەر هێرشەکاندا بێدەنگ بووە و گوتی "ستەمکارانی جیهان، کۆبوونەتەوە و کۆمەڵکوژییەکی پیلان بۆ داڕێژراو لە غەززە دەکەن. سوپاسی بەرپرسان دەکەین کە ناوی قوتابخانە تازەکەیان بە 'شەهیدانی غەززە' ناوناوە." 
 
پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و تەلئەڤیڤ لە ساڵی 2008ـەوە گرژییان تێکەوت، ئەوەش بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە. ساڵی 2010 کاتێک سەربازانی ئیسرائیلی هەڵیانکوتایە سەر کەشتییەکی تورکیا کە بەنیازبوو گەمارۆی سەر غەززە بشکێنێت و بە گوتەی بەرپرسانی تورکیا، هاوکاری بگەیێنێتە فەڵەستینییەکان، پەیوەندییەکانیان خراپتر بوون.
 
ساڵی 2016 بۆ 2018، نیمچە ئاساییبوونەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئیسرائیل روویدا، بەڵام دوای کوژرانی زیاتر لە 200 خۆپێشاندەری فەڵەستینی، جارێکی دیکە گرژی دروستبوو. 
 
تەممووزی 2021 دوای دەستبەکاربوونی ئیسحاق هێرزۆگ وەکو سەرۆکی نوێی ئیسرائیل، جارێکی دیکە پرۆسەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل دەستیپێکرد. 
 
سەرەڕای ناکۆکییە سیاسییەکانی ئیسرائیل و تورکیا، لە بواری بازرگانیدا پەیوەندییەکان هەر بەهێز بوون و تورکیاش وڵاتێکی لەبار بووە بۆ گەشتیارانی ئیسرائیلی. ئەمە لەکاتێکدایە ئێستا بەرپرسانی تورکیا ئەم پەیوەندییانە رەتدەکەنەوە.
 
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، تورکیا چەندینجار ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە غەززە تۆمەتبار کردووە. 
 
لە ئایاری ئەم ساڵدا تورکیا وەکو ناڕەزایەتی هەموو جۆرە بازرگانییەکی لەگەڵ ئیسرائیل راگرت، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل هاوردەکردنی هەموو کاڵایەکی لە تورکیاوە قەدەخە کرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە