فوئاد حوسێن بۆ رووداو: دەبێت شنگال بەدەست خەڵکی شنگالەوە بێت

03-08-2024
مالیک محەممەد
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، پێویستە شنگال بە دەست خەڵکەکەیەوە بێت و رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 3ـی ئابی 2024، لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداو سەبارەت بە پرسی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شارەکە، د. فوئاد حوسێن گوتی، هەموو هەوڵێکیان بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی داوە، بەڵام کاتی زیاتری پێویستە. 
 
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەکرد، کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان کراوە، رێکخراوێک دروستکراوە بۆ ئەوەی ئەو شوێن و خانووانەی لە سەردەمی داعش رووخێنراون، ئاوەدان بکرێنەوە.
 
سەبارەت بە چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکانی شنگال، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، "تاکە چارەسەر ئەوەیە رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکرێت و حوکمڕانیی شارەکە بەدەست خەڵک خۆیەوە بێت."
 
گوتیشی، "هۆکاری سەرەکیی نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال بۆ زێدی خۆیان، نەبوونی سەقامگیرییە لە شارەکەدا و پێویستە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت."
 
ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا تێدەپەڕێت کە لە 3ـی ئابی 2014، رێکخراوی داعش هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر شنگال و دەوروبەری. لە هێرشەکەدا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێنکران و دوای هێرشەکەش، ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
 
پێنج ساڵ دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە تشرینی یەکەمی 2020، رێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژۆکرد. 
 
رێککەوتنەکە دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە قەزاکە، لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی، هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، لەخۆدەگرێت.
 
بەڵام لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە بەهۆی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا و ملکەچنەبوونی گرووپە چەکدارەکان، جێبەجێ نەکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێکی نەخۆشخانەکە لەگەڵ منداڵەکان.

دوو منداڵ لە نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکووک جێهێڵدراون

لە نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکووک دوو منداڵ دوای لەدایکبوونیان، لە لایەن دایکیانەوە جێهێڵدراون. بەڕێوەبەری بەشی منداڵبوونی نەخۆشخانەکە دەڵێت، چەندین جار نووسراویان بۆ دادگە کردووە، و وەڵام نادرێنەوە. چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانیش ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی دوو منداڵەکە لە رێگەی دادگەوە دەردەبڕێت.