زانکۆی کوردستان 10 کورسیی خوێندنی باڵا بۆ کوردانی ئێزدی تەرخان دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیام محەممەد
10ـیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی
10ـیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی شنگال تێپەڕی، بەڵام بۆ قوربانییان و کەسوکاریان وەکو دوێنێیە، یادەوەرییەکانی کوشتن، گرتن، رفاندن و ئازار ناهێڵێت رۆژێک لە ژیانیان وەک ئێزدی بێ فرمێسک تێپەڕێت. 
 
جانێ، کچێکی 18 ساڵی ئێزیدییە و تەنیا یەک ساڵە لەژێر دەستی داعش رزگاری بووە، لە باوەشی وێنەی باوکی هەیە، کە تاوەکو ئێستاش بێسەروشوێنە. جانێ ناتوانێ بە کوردی قسە بکات و تەنیا عەرەبی دەزانێت، ئەمەش بەهۆی کاریگەریی ئەو ساڵانەیە کە ژێردەستەی داعش بووە. 
 
جانێ زیاد، رزگاربووی ئێزیدی دەڵێ "تەمەنم 8 ساڵ بوو کاتێک منیان رفاند، رەفتاریان لەگەڵمدا زۆر خراپ بوو، هەمیشە لێیان دەدام و هاواریان بەسەرمدا دەکرد، منیان وەکو خزمەتکار بەکاردەهێنا. کەمپی هۆل پڕ بوو لە ناڕەحەتی بۆ من، بەرگەی ئەو هەموو ئازارەم نەدەگرت."
 
ناعم حەسەن، دایکی جانێ دەڵێ "ئێمە سێ خێزان بووین و هەموومان کەوتینە دەستی داعش. (کچەکەم) هێندە ئەشکەنجەدراوە هیچی بیرنایەتەوە، ئێستا باوک، مام و باپیر و کچە مامی بێسەروشوێنن، هەموویان بێسەروشوێنن و ئەوە 10 ساڵە ئێمە چاوەڕێین، تکاتان لێدەکەین دیلەکانمان بۆ بهێننەوە، رزگاریان بکەن."
 
ئیناس خەلەف، ئامۆزایەکی جانێیە و بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە گوتی "لەنێو کەمپەکان دۆخمان باش نییە، ئێمە بێکەسین." 
 
بە ئامادەبوونی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ رێوڕەسمی یادی 10 ساڵەی جینۆسایدی ئێزیدیان بەڕێوەچوو، باسی رفێندراوە ئێزیدییەکان و رزگارکردنیان مژاری سەرەکیی رێوڕەسمەکە بوو.
 
حوسێن قائدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزیدییە رفێندراوەکان دەڵێ "ئەوە 10 ساڵ تێپەڕی، بەڵام جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی بەردەوامە، چونکە هێشتا زیاتر لە 70٪ـی لەژێر خێوەتەکاندا دەژین."
 
زانکۆی کوردستان یەک لە رێکخەرانی رێوڕەسمەکە بوو، کە بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 10 کورسیی خوێندنی باڵای لە بوارە جیاوازەکان وەک زەماڵەی خوێندن و بێ بەرامبەر، دەبەخشێتە خوێندکارانی ئێزدی. 
 
د. دانا مەولوود، جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان - هەولێر لەمبارەیەوە بە رووداوی گوت "جەنابی رێزدار کاک نێچیرڤان بارزانی زەمالەی بۆ ئەو ئێزیدیانە تەرخانکرد، لە وتارەکەیدا جەنابیان جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە دەبێت زانکۆکان زیاتر توێژینەوە لەسەر بابەتی ئێزدییەکان بکەن."
 
داعش لە ساڵی 2014ـدا 6 هەزار و 417  ئێزیدی رفاندبوو، تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 579 ئێزدی رزگارکراون و، 2596 کەسیش بێسەروشوێن ماونەتەوە.
 
لە 2014ـدا 550 هەزار ئێزدی لە عێراقدا دەژیان، بەڵام ئێستا بەپێی داتاکان 190 هەزار ئێزدی لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین، کە بەشی هەرە زۆریان ئاوارەن و لەنێو 19 کەمپدا نیشتەجێن، رۆژ بە رۆژ ژمارەی ئەو ئێزدییانەی کۆچ دەکەن زیاتر دەبێت، هۆکارەکانیش زۆرن، بەڵام یەک لە هۆکارە سەرەکییەکان؛ ئاسایی نەبوونەوەی دۆخی ئەمنی ناوچەکانی خۆیان، نەگەڕانەوەیانە بۆ سەر زێد و ماڵ و حاڵیان.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە