رووداو دیجیتاڵ
هەردی محەممەد و مالیک محەممەد
سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی کرد و دواتریش بە جیا لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی و کریستیانەکانی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 3ـی ئابی 2024، فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کریستیانەکان جەختی لە گرنگی بەردەوامیدان بە هەوڵەکان و لە پێشینە دانانی بەرژەوەندییەکانی کەرکووک کردەوە، هەروەها پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە بە پێویست زانی؛ چونکە هاووڵاتییانی کەرکووک پێویستیان بە خزمەتگوزاری زیاتر و باشکردنی دۆخی ئابووری شارەکەیە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سوودانی پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەربڕیوە و جەختی لە گرنگی پێکەوە کارکردن و پەراوێز نەخستنی یەکدی کردووەتەوە، کە ئەوەش برایەتی نێوان پێکهاتەکان فەراهەم دەکات و هاوکار دەبێت بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوی پارێزگاکەدا."
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی و بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت، سوودانی بەلایەوە گرنگ بوو کە لە وادەی یاسایی دوای یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن، حکومەتی خۆجێیی کەرکووک پێکبهێندرێت و پۆستی پارێزگاری شارەکە یەکلابکرێتەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، سوودانی داوای کردووە بە رێککەوتن لە نێوان لایەنەکان، پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن دابەش بکرێت.
18ی کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق و کەرکووک کرا.
لە 28ى كانوونى 2024دا ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن پەسند کرا، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە تاوەکو ئەمڕۆ نەتواندراوە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک پێکبهێندرێت.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە؛ یەکێتی 5 کورسی، پارتی 2 کورسی و کۆتای کریستیانیش نزیکە لە یەکێتی 1 کورسی هەیە. هەروەها پێکهاتەی عەرەبی 6 کورسی و تورکمانیش 2 کورسی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ