نێچيرڤان بارزانى و جه‌نه‌راڵ جۆول ڤاول: داعش هێشتا مه‌ترسييه‌كى راسته‌قينه‌يه‌


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا هاوڕان لەسەر ئەوەی "هێشتا داعش مه‌ترسييه‌كى راسته‌قينه‌يه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌ ده‌كات."
 
نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ (شه‌ممه، ‌3-8-2024) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بۆ ماڵئاوايى و كۆتاییهاتنى ئه‌ركەکەی، پێشوازى له‌ جه‌نه‌راڵ جۆول ڤاول، فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا كرد.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دیدارەکەدا، نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ خزمه‌تى جه‌نه‌رال ڤاول له‌ ميانى ئه‌ركه‌كه‌يدا ده‌ربڕى و، هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركى نوێیدا بۆ خواست، هه‌روه‌ها ستايشى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاوكارى و پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ تێكشكاندنى داعش دووپات كرده‌وه‌.

 

 
جه‌نه‌رال ڤاول ''وێڕاى نيشاندانى خۆشحاڵى به‌ كاركردنى له‌ عێراق و سووريا، سوپاس و پێزانينى بۆ هاوكارى و پشتگيريى هه‌رێمى كوردستان له‌ ماوه‌ى ئه‌ركيدا ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.''
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە دیدارەکەدا كه‌ سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسان له‌ هه‌ردوولا ئاماده‌ بوون ''هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هێشتا داعش مه‌ترسييه‌كى راسته‌قينه‌يه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌ ده‌كات.''
 
جموجووڵه‌كانى داعش و دۆخى عێراق و سووريا و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه، لايه‌نێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.‌