چاڵی سەر رێگەیەک کارەساتی نایەوە؛ ژن و پیاوێک گیانیان لەدەستدا و منداڵەکانیان بریندار بوون

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 


خێزانێکی پێنج کەسی کە لە سلێمانییەوە لە گەشتێک دەگەڕانەوە سنووری دهۆک، بەهۆی چاڵێک لەسەر رێگەیەکی تازە دروستکراودا لە نزیک کانی وەتمان بوونە قوربانی؛ دایک و باوکەکە گیانیان لەدەستدا و سێ منداڵەکەشیان بریندار بوون.
 
رووداوەکە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە، 3-8-2024) لە نزیک کانی وەتمان لە سەر رێگەی دووکان و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین روویداوە، تێیدا ئۆتۆمبێلێک لە جۆری کیا سۆرێنتۆ وەرگەڕا.
 
بەڵێن خەلەکانی، بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستیی خەلەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ژن و پیاوێک کە هاوژینی یەکدی بوون، لەگەڵ سێ منداڵەکانیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، ژن و پیاوەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و منداڵەکانیشیان گەیەنراونەتە مەڵبەندی تەندروستیی خەلەکان." 
 
شاهێدحاڵێک کە لەکاتی رووداوەکەدا لەسەر رێگەکە بووە، بە روویداوی گوت "ئێرە تاسەی گەورەی لێیە، ئەوانیش شارەزا نەبوون، چونکە خەڵکی دهۆک بوون، بۆیە ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕا."
 
شاهێدحاڵیکی دیکە باسی لەوە کرد، هەرسێ منداڵەکە کچ بوون و بریندارن بەڵام رەوشی تەندروستییان خراپ نەبوو، "یەکێکیان دەستی شکابوو و هاواری دەکرد دایکم، دایکم، (دیمەنەکە) زۆر جەرگبڕ بوو."
 
شاهێدحاڵەکە گوتیشی ئەو خێزانە لە سلێمانییەوە دەهاتنەوە، شارەزای رێگەکە نەبوون و خێرایی ئۆتۆمبێلەکەیان رەنگە گەیشتبێتە 100 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، ''بەخێرایی خۆی لەو چاڵە داوە، ئێمە کە لە سلێمانییەوە دێینەوە دەبێت ئاگامان لەو چاڵە هەبێت."
 
ئەو رێگەیەی رووداوەکە لێی روویداوە، تازەیە بەڵام لە شوێنێکیدا ئەو چاڵەی لێ دروست بووە کە بووە هۆی رووداوەکە و گیانلەدەستدانی دایک و باوکەکە.
 
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان؛ خێزانەکە بەمەبەستی گەشتکردن چوونەتە سنووری سلێمانی، لەنێو ئۆتۆمبێلە وەرگەڕاوەکەشیاندا کە هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە، چەندین جانتا و کەلوپەلی گەشتکردن بەجێماوە. 

 

جونەیید نێروەیی، یەکێک لە کەسوکاری قوربانییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ھەردوو ھاوژین ناویان کەمال مەم مەسیحا و عەیشان محەممەد حوسێن، خەڵکی گوندی بێبۆن لە قەزای ئامێدی."
 
جونەید نێروەیی ئەوەشی گوت "تەرمەکانیان لە دادپزیشکی سلێمانین و بڕیارە ئەمشەو بگەیێنرێنە دھۆک و سبەی لە گۆڕستانی شاخکێ لە دھۆک بەخاک بسپێردرێن.'' 
 
لەبارەی رەوشی منداڵەکانیش گوتی، "لە نەخۆشخانە چارەسەریان وەرگرتووە و بڕیارە ئەوانیش لەگەڵ خۆمان بهێنینەوە بۆ دھۆک." 
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە