رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی چوارشەممەوە لە بازگەی بەنداوی موسڵی نێوان پارێزگای دهۆک و نەینەوا رێگری لە ناردنی بەرهەمی نێوخۆی پارێزگای دهۆک دەکرێت کە دەبوو بچێتە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق. بەو هۆیەوە، زیاتر لە 100 بارهەڵگر لە پێش بازگەکە وەستاون.
بەگوێرەی سەرپەرشتیارانی بازگەی موسڵ، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە رۆژی چوارشەممە، 31ـی تەممووزی 2024، رێگە بە تێپەڕبوونی بەرهەمی کۆمپانیا نێوخۆییەکانی پارێزگای دهۆک نادرێت بەبیانووی ئەوەی کە پێویستە لە بەغدا خۆیان تۆمار بکەن.
شیان محەممەد، بازرگانە و بە رووداوی گوت، بایی زیاتر لە 150 ملیۆن دینار بەرهەمی کۆمپانیاکانیان کە شەربەت و خواردنەوەی دیکەن، لەبەر خۆر ماونەتەوە و ئەگەر وابڕوات، ناچارن کۆمپانیاکانیان دابخەن.
بە گوتەی بازرگانان، نزیکەی یەک ملیار دینار لە ئاو، بەرهەمی شیرەمەنی، خواردنەوەی وزەبەخش و شەربەت لەنێو بارهەڵگرەکاندا هەن.
ئەوان دەشڵێن، دوو مانگە خەریکی مامەڵەی تۆمارکردنن لە بەغدا و هێشتا مامەڵەکانیان تەواو نەبوون. هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، بەڵام ئەوان دانی پێدا نانێن. بازرگانەکان دەڵێن، ئەگەر ئەوها بڕوات دەبێت دوو جار باج بدەین و بارگرانیی لەسەر بازرگانەکان دوو هێندە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ