ئامانجی کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکان لەگەڵ سوودانی 'پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووکە'
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆتاکەی کریستیان پێکەوە و پارتیی دیموکراتیی کوردستان بە تەنیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە. نوێنەرێکی یەکێتی دەڵێت، ئەم هەفتەیە پارێزگاری کەرکووک هەڵدەبژێردرێ.
ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە ئەنجوومەنەکە دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانی هەوڵدەدات فراکسیۆنەکان لێکنزیک بکاتەوە. نوێنەرەکەی کریستیانیش باس لەوە دەکات، ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکەی سەرۆکوەزیران پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووکە.
پەروین فاتح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی شەممە، 03-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 3:30 خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ فراکسیۆنی یەکێتی و بابلیون لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە، ئەوەش بۆ تاوتوێکردنی دۆخی کەرکووک بە گشتی و هەڵبژاردنی پارێزگار و پۆستەکانی دیکە.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی، لە دوو هەفتەی رابردوودا سوودانی لەگەڵ فراکسیۆنی عەرەبی و تورکمانی کۆبووەوە، ئەمڕۆش لەگەڵ یەکێتی و بابلیون و پارتی کۆدەبێتەوە.
لایەنی عەرەبی لە 3 فراکسیۆن و 6 ئەندام پێكهاتووە و تورکمانیش 2 ئەندامی لە ئەنجوومەنەکە هەیە. سوودانی لە دوو دیداری جیادا لەگەڵ عەرەب و تورکمان کۆبووەوە، بەڵام ئەمڕۆ بە جیا لەگەڵ یەکێتی و پارتی کۆدەبێتەوە. لەوبارەوە پەروین فاتح دەڵێ، "هەر سێ لایەنی عەرەبی هاوپەیمانیان کردووە و تورکمانیش یەک فراکسیۆنن. یەکێتی و پارتی بە دوو لیست بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە و دوو فراکسیۆنی جیاوازن، بۆیە سوودانی بە جیا لەگەڵمان کۆدەبێتەوە".
یەکێتی 5 ئەندامی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە و کۆتاکەی کریستیانیش لێی نزیکە.
پەروین فاتح گوتیشی: "کێشەی پارێزگای دیالە چارەسەر بوو، کەرکووک زۆر ئاسانترە لە دیالە. دانوستاندنی جیدی دەستی پێکردووە، لێکتێگەیشتنی باش هەیە. ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی کەرکووک".
شەوى یەکى ئاب ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی ئەو پارێزگایەى هەڵبژارد. لەو کۆبوونەوەیەدا عەدنان جایر شەمەری بە پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا کە سەر بە هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسایە؛ عومەر کوروى بە سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا کە لە هاوپەیمانیى سەروەریى سوننەکانە؛ سالم تەمیمى لە هاوپەیمانیی ئیستیحقاقی دیالە کە شیعەیە وەک جێگرى سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردرا. هەریەک لە مستەفا تالیب، بە جێگرى یەکەم و غازى فەیسەڵیش بە جێگرى دووەمى پارێزگار هەڵبژێردران.
سەبارەت بە وردەکاری لێکتێگەیشتنەکە، پەروین فاتیح گوتی: "ئەوە تایبەتە بە لیژنەی دانوستاندنی یەکێتی و زانیاری وردمان لەو بارەوە نییە".
هاوکات، شۆخان حەسیب، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی بە رووداوی گوت: "کاژێر سێی دوای نیوەڕۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبینەوە".
سەبارەت بە ئامانجی کۆبوونەوەکە، شۆخانە حەسیب دەڵێت، کۆبوونەوەکە "لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانە بۆ لێکنزیکبوونەوەی فراکسیۆنە جیاوازەکان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک و دابەشکردنی پۆستەکان لەنێو پێکهاتەکان".
هەر لەوبارەوە، ئینجیل زیا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک لە کۆتای کریستیان لە فراکسیۆنی بابلیون بە رووداوی گوت: "ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ پێکهێنانی حکومەتیی خۆجێیی کەرکووکە لەلایەن فراکسیۆنە براوەکانی هەڵبژاردنەوە".
18ی کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق و کەرکووک کرا.
لە 28ى كانوونى 2024دا ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن پەسند کرا، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە تاوەکو ئەمڕۆ نەتواندراوە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک پێکبهێندرێت.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە؛ یەکێتی 5 کورسی، پارتی 2 کورسی و کۆتای کریستیانیش نزیکە لە یەکێتی 1 کورسی هەیە. هەروەها پێکهاتەی عەرەبی 6 کورسی و تورکمانیش 2 کورسی هەیە.