تەرمی 13 کۆچبەرە خنکاوەکەی ئیتاڵیا گەڕێندرایەوە؛ 'خوایە بۆ لەجیاتی ئەو منت نەبردەوە؟'

 
رووداو - هەولێر

تەرمی ئەو 13 کۆچبەرە کوردەی لە ئاوەکانی ئیتاڵیا خنکان لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە، 8یان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و 5یشیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
 
تەرمی کۆچبەرەکان بەرەو زێدی خۆیان بەڕێکران، کەسوکاریشیان بە شین و گریانەوە پێشوازییان لێکردن. دوو لە تەرمەکان برانە گۆڕستانی کەسنەزانی هەولێر. "هێرۆ تۆ هێندە نازدار و عاقڵ بوویت، هێرۆ کچی بابی،" ئەمە ویردی سەر زمانی باوکی هێرۆی تەمەن 39 ساڵان بوو، کە تەرمەکەی لە هەولێر بەخاکسپێردرا، بەدەم گریانەوە سکاڵای دەکرد و دەیگوت، "خوایە بۆ لەجیاتی ئەو منت نەبردەوە."
 
هێرۆ و میران قادری تەمەن سێ ساڵ و نیو، ئەندامی خێزانێکی 11 کەسی بوون، کە لە رێگەی کۆچ بۆ ئەورووپا نوقمی ئاو بوون.
 
ئامۆزای یەکێک لە قوربانییەکان دەڵێت، "ئەوەی ئێمە ئاگادارین، 43 تەرم دۆزراونەتەوە، بەڵام لە پشکنینی DNA ئەو دووانە پشتڕاست بوونەتەوە کە هی ئێمەیە. لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵین و بەڵێنیان داوە 6 تەرمەکەی دیکەش بگەڕێننەوە، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنیان داوە."
 
ژنێکیش کە کەسوکاری قوربانییەکانە گوتی، "داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم تەرمەکانی دیکەشمان بۆ بگەڕێنێتەوە. خێرتان دەگات."
 
هێرۆ و خوشکەکەی لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانیان 11 کەس بوون، لەگەڵ زیاتر لە 76 کەس بە بەلەمێکەوە لە تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتن، بەڵام 16ی حوزەیران هەواڵی تێکشکانی بەلەمەکە بڵاوبوەوە و لەو خێزانە تەنیا سێ کەسیان رزگاریان بووە، هەشت کەسیان نوقمی ئاو بوون و تائێستا تەنیا تەرمی هێرۆ و میران دۆزراونەتەوە.
 
پووری یەکێک لە قوربانییەکان گوتی، "ئاواتەخوازین تەرمەکانی دیکەش بگەڕێندرێنەوە، بۆئەوەی دایک و باوکیان سەبوورییان بێت، هەر بۆ ئەوەی گۆڕێکیان هەبێت و بچنە سەر گۆڕەکەیان و فاتیحەیەکیان بۆ بخوێنن."
 
تاوەکو ئێستا تەرمی زیاتر لە 35 کۆچبەری رووداوەکەی 16ی حوزەیران دۆزراونەتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە 6 تەرمەکەی دیکەی ئەو خێزانە لەنێویاندایە یان نە، تاوەکو کاتی دڵنیابوونەوە لە دۆزینەوەی تەرمەکانیش دڵی کەسوکاریان سەبووریی نایەت.