سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردن بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 03-08-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "دڵنیاتان دەکەمەوە هەموو لایەنەکان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو رۆژەدا یەکدەنگن."
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی کە ئایا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پابەند دەبێت بەو وادەیەی وەکو رۆژی هەڵبژاردن دیاریکراوە؟ دڵشاد شەهاب گوتی، ئەو وادەیە بە رەزامەندیی هەموو لایەنەکانە دەستنیشان کراوە و پشتیوانی لێدەکات، یەکێتی جگە لەوە، پشتیوانی لە سەرجەم هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەکات بۆ پارێزگاریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان.
دڵشاد شەهاب رەتیکردەوە پارتی و یەکێتی هیچ پێشنیازێکیان بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردبێت لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و گوتی، بەڵام ئەوان کۆکن لەسەر ئەو رۆژەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریدەکرێت. گوتیشی، لایەنەکانی دیکەیش هیچ پێشنازێکیان نەکردووە.
07-01-2024، وادەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو دەبێت، دڵشاد شەهاب گوتی، مانگی 12 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بۆیە ئەگەر وادەکەی درێژ نەکرێتەوە، کۆمیسیۆن ناتوانێت کارەکانی ئەو هەڵبژاردنە تەواو بکات، پێدەچێت بە یاسا ماوەی کۆمیسیۆن درێژ بکرێتەوە بۆئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بکرێت.
لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، جارێ لەپێشینە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هیچ باسێکی نەکراوە و دیاریش نییە کەی بەڕێوەدەچێت.
روونیشیکردەوە: "هەوڵماندا لە نزیکترین وادە هەڵبژاردن بکرێت، چونکە هەرێمی کوردستان لەبۆشاییەکی یاساییدایە، دوای ئەوەی درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمانی کوردستان رەتکرایەوە و هەوڵماندا بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئەو بۆشاییە یاساییە پڕبکەینەوە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی لەو وادەیەی پێشتر کە 18-11-2023 بوو هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بەڵام لەرووی تەکنیکییەوە بۆ کۆمیسیۆن گونجاو نەبوو، هەوڵێکی دیکەمان ئەوەبوو لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، بەڵام دیسانەوە بە هەڵسەنگاندنی کۆمیسیۆن لەرووی تەکنیکی نەدەکرا هەردوو هەڵبژاردن پێکەوە بکرێت."
دڵشاد شەهاب، باسی ئەوەشی کرد کۆمیسیۆن پێشنیازی کرد هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 18-2-2024 بەدواوە بکرێت، لەوبارەیەوە تیشکی خستەسەر ئەو بابەتە و گوتی: "دیاریکردنی رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بەپێی یاسا، بەڵام لە سەرۆکایەتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وەکو بیرۆکەی و کارنامەی بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو هەنگاوانەی لەم سەرۆکایەتییەوە دەنرێن رەنگدانەوەی بیروبوچۆنی سەرجەم لایەنەکان بێت و هەمووان تێیدا بەشداربن و هەموومان بۆ پرسە چارەنووسسازەکان لێرە کۆببینەوە و دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن ببێتە کۆدەنگییەک، بۆیە دەستمانکرد بە گفتوگۆ و راوێژ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان و سەردانیکردنیان، دواجار سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم مەرسوومەی دەرکرد."
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دواتر مەرسوومی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنەوە خوێندەوە کە بەمشێوەیە بوو:
فەرمانی هەرێمی، ژمارە 252ـی ساڵی 2023
پاڵپشت بە بڕگەی دووەم لە مادەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی هەموارکراو، بڕیارماندا بە:
یەکەم: دیاریکردنی رۆژی 25ـی شوباتی ساڵی 2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق:
دووەم: گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەنددەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بۆ جێبەێکردنی ئەم فەرمانە.
سێیەم: ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێدەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی،
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
3-8-2023
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و لە بابەتی دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا، گوتی: "سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەدەستپێکی ئەو پڕۆسەدا ئامادەیی گەرمی هەبووە و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین جار سەردانی بەغدای کردووە و لەم خولە نوێیەی ئێستای عێراق کە حکومەتێک پێکهاتووە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بەشدارن تێیدا، کاخەزێک هەیە و رێککەوتنی لەبارەوە کراوە، ئەو کاخەزە چەند یاسایەک لەخۆدەگرێت، یەکێک لەو بابەتانە یاسای بودجەبووە و یاساکانی دیکەش ئامادەکارییان بۆ دەکرێت، بەردەوام بەدواداچوون هەبووە، تاوەکو ئێستا ئەو تێڕوانانەی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵییەوە هەیە عێراق هەیە تێڕوانینێکی باشە بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو رێککەوتنانە و ئێمە پابەنددەبین بەو بەشەی ئەرکە و دەکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی پابەندییەکانین بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و وردکردنەوەی مادە و بڕگە و بەشەکانی یاسای بودجە، باوەڕی ئێمە وایە هێشتا ماویەتی ئەوە رابگەیەنین و بڵێین ئەو یاسایە وەکو ئەوەی رێککەوتنی لەسەر کراوە جێبەجێکراوە، یان تەگەرەی خراوەتە بەردەم، لە قۆناخی جێبەجێکردندایە و گفتوگۆ و دانووستاندن بەردەوامە و شاندەکان هاتوچۆیان هەیە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە نزیکەوە بەدواداچوونی بەڕێوەچووونی کارەکانە."
لەبارەی دەستکاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەوە کە پێشتر چەند جارێک راگیێندراوە رایگەیاند: "سەرجەم لایەنە کوردستانییە بەڕێزەکان بەسەرجەم پێکهاتەکانەوە یان سەردانمان کردوون یان پەیوەندیمان پێوەکردوون، هەموویان لەسەر ئەو بەروارە و وادەیە کۆکن، رەنگە بیروبۆچوونی جیاواز هەبێت، بەڵام هەستێک هەیە پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەسەروو هەموو پرسەکانەوە هەیە و ئەوەمان لای هەموو لایەنەکانەوە بەرجەستەکرد، بۆیە دواجار گەیشتینە رێککەوتنێک."
باسی هاوئاهەنگییەکانیشی لەگەڵ کۆمیسیۆن کرد و گوتی: "ئێمە لەگەڵ کۆمیسیۆن راوێژمانکردووە، کۆمیسیۆنیش لەگەڵ دەسەڵاتەکان و ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیران و دامەزراوەکان هاوئاهەنگی و گفتوگۆیان کردووە و هاوئاهەنگییان کردووە و ئەو رۆژە بە هاوئاهەنگی دیاریکراوە."
سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی هەڵبژاردنەوە لەماوەکانی داهاتوو، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئێمە ئەوە هەمیشە کار و نەهجی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە، هەرکاتێک پێویست بکات سەرۆکایەتی هەموو کات ئامادەیە، تاوەکو ئێستا رۆژێک دیارینەکراوە، بەڵام بێگومان هەنگاوەکانمان بەو ئاڕاستەیەن کە لایەنەکان لەیەکتر نزیکن بن و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەو شوێنە بێت کە نزیکیان دەکاتەوە."
پەیوەست بە یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق روونیکردەوە: "دوای نۆ ساڵە یەکەمین جارە بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دیاریدەکرێت، پێمانوایە ئەو بابەتە کاتێکی دیکەی پێبدەین، گرنگ ماف و شایستەکانی هاووڵاتیان کە بریتییە بە پلەی یەکەم مووچەی مووچەخۆران بدرێت، ئەگەر نا بودجە تەنیا مووچە نییە، ئێمە شایستەی دیکەمان هەیە و شایستەکانمان زۆر لەوە زیاترە لەوەی هەمیشە فەرمانبەرێک لەهەرێمی کوردستان دەستی لەسەر دڵی بێت کە ئایا ئەم مانگە مووچە دێت یان نایەت، ئەمە بەشێوەیەکی یەکجاری لە چوارچێوەی یاسای بودجە چارەسەردەکرێت ، بەڵام کاتێکی دیکە بدەینە ئەو لایەنانەی گفتۆگۆ لەگەڵ یەکتردا دەکەن و شاندەکانی حکومەتیش بەردەوام لەوێ هەن."
لەبارەی پرسی لاوازکردنی هەرێمی کوردستانەوە گوایە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەکرێت، دڵشاد شەهاب گوتی، "ئاڕاستەیەکی فەرمی بەناوی حکومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان نەخێر نییە، هیچ شتێکی وا لە حکومەت نە چاوەڕوان دەکەین، نە هەستیشی پێدەکەین، من ناڵێم ئەم بیرکردنەوەیە لە عێراقدا نییە، بەڵام ئێمە بەو گومانەوە سەیری حکومەتی فیدڕاڵی ناکەین، چونکە ئێمە تێیدا بەشدارین و ئامادەییمان تێیدا هایە."
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەو پرسیارەی "ئایا یەکێتی نیشتمانی کوردستان پابەندی وادەکە دەبێت"، گوتی: "من بە راشکاوی گوتوومە و جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەمەوە، دیاریکردنی ئەو وادەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆکردنی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن، دەتوانم بڵێم نەوەک بە تەنیا بۆ دیاریکردنی هەنگاوی رۆژی هەڵبژاردن، بەڵکو پشتیوانی گەورەیان بۆ هەموو هەنگاوەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نیشانداوە، لە هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ یەکخستنی گوتاری کوردستان و پارێزگاریکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەو بڕیارە دوای هەنگاوەکان نراوە."
لەبارەی بەسەرچوونی وادەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پێش وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گوتی" راستە لە یاسای کۆمیسیۆندا هاتووە لە 7-1-2024 وادەی تەواو دەبێت و ناکرێت ئەو وادەیە درێژیش بکرێتەوە، بەڵام واقیعیک لە بەردەمدایە، لە 18-12-2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەوەی پەیوەستە بە یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق، هەموو کارەکانی راگەیاندن و وردبینی ئەنجامەکان و وەرگرتنی سکاڵا و پەسەندکردنی کۆتایی تەنانەت هی ئەندامێتیی ئەوانەشی دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەمووی لە ئەستۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانە، واتە ئەگەر سەیری کات بکەین لەو ماوەیەی هەڵبژاردن دەکرێت، واتە لە 18-12-2023 کە هەڵبژاردن دەکرێت و لە 7-1-2024 کە وادەی کۆمیسیۆن بەسەردەچێت تەنیا 20 رۆژە، بەو ماوەیە پڕۆسەکە تەواو نابێت، خۆیان و پەرلەمانیش ئەوە دەزانن، چونکە بەپێی دەقەکانی یاسا ئەو پڕۆسەیە بەلانی کەمەوە پێویستی بە 90 رۆژ هەیە، واتە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئۆتۆماتیکی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان رێگەی پێداوە کە لەگەڵ سەرۆکوەزیران رۆژی هەڵبژاردن دیاریبکەن و لە 20-12-2023 تێنەپەڕێت و ئەوانیش 18-12-2023یان دیاریکردووە، بۆیە ناکرێت کۆمیسیۆنێک هەڵبژاردن بکات و بۆ تەواوکردنی کارەکان بڵێن کۆمیسیۆنێکی دیکە تەواوی بکات، بۆیە بەڵێنێک هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لەو ماوەیە بکات."
سەبارەی بە رێکارەکانی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دڵشاد شەهاب گوتی: "یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلای ئێمە باس لەوە دەکات کە رێکارەکانی پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لای کۆمیسیۆن نییە، لای ئەنجوومەنی دادوەرییە، بۆیە کۆمیسیۆن لە سەرپەرشتیکردن و راگەیاندنی ئەنجامەکان دەبێت و بۆ سکاڵا و تانە دەچێتە رێکارەکانی دیکە، ئێمە بۆ ئەوەشی هاوئاهەنگییمان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەران و سەرۆکایەتی کۆمار هەیە بەوەی ئەو درێژکردنەوەیە بۆبەرژوەندیی کۆمیسیۆن و بابەتێک نییە، بەڵکو بۆ تەواوکردنی رێکارێکە، بۆیە دەتوانین بڵێین بەڵێ دڵنیاییمان وەرگرتووە ئەو کۆمیسیۆنە هەڵبژاردن بکات."
لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە، ئەوەی ئاشکراکرد" تاوەکو ئێستا پلانێک نییە و ئەو بابەتە نییە، لەپێشترێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە."
سەبارەت بە دیاریکردنی چەند جارەی رابردووی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گوتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رابردووشدا ئەرکەکانی خۆی کردووە و وادەی هەڵبژاردنی راگەیاندووە، چونکە هۆکاری دیکە کە بەویستی ئێمە نەبووە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن نەکراوە، چونکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە مەرسوومێک واژۆدەکات بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن بکرێت.
روونیشیکردەوە: "ئێستا ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە پڕۆسەیەکەوە بۆ پێویستییەک کە کار لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات، گۆڕاوە. رەتیشیکردەوە یەکێتی و پارتی و هیچ لایەنێکی دیکە پێشنیازیان بۆ هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کردبێت. سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ مانگی ئادار و نیسانی ساڵی داهاتوو، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەی گوت کە مانگی ئادار دەستپێکی یادەکانی ئادار و دواتر مانگی رەمەزان و جەژن دەبێت و کۆمەلێک بۆنەی دیکە هەیە ئەوەش کێشە بۆ بارودۆخی یاسایی و دەستووری دروست دەکات و ئەو کاتە زۆرە هەڵناگرێت.