گومرگی کرماشان: لە چوار مانگدا بای نزیکەی یەک ملیار دۆلار کاڵا هەناردە کراوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەی گومرکی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە چوار مانگی رابردوودا بایی 935 ملیۆن و 575 هەزار دۆلار کاڵا لە دەروازەکانی ئەو پارێزگایە هەناردە کراوە، دەشڵێت لەنێو هەموو گومرگەکانی ئێران، زۆرترین هەناردەیان هەبووە.
 
عەلی ئەسغەر عەباسزادە، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان، رایگەیاند، لەماوەی چوار مانگی رابردوودا لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە بەهای 2 ملیار و 371 ملیۆن و 602 هەزار دۆلار کەلوپەل هەناردەی عێراق کراوە. کە 935 ملیۆن و 575 هەزار دۆلاری لە رێگەی دەروازەکانی پارێزگای کرماشانەوە بووە. 
 
بەگوتەی عەلی ئەسغەر عەباسزادە، لەو ماوەیەدا نزیکەی 6 ملیۆن و 402 هەزار تۆن کەلوپەل بۆ عێراق هەناردە کراوە، کە 2 ملیۆن و 400 هەزار تۆنی لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشانەوە بووە.
 
بەپێی راپۆرتی گومرگی پارێزگای کرماشان، زۆرتر ئاسن، کاشی، میوە و سەوزە، بەردی بیناسازی، شیرەمەنی و بەرهەمە پلاستیکییەکان هەناردە کراون.
 
پارێزگای کرماشان دوو دەروازەی فەرمیی سنووری و 5 بازاڕچەی هەیە و ساڵانە زیاتر لە 3 ملیار دۆلار کەلوپەل لەم شوێنانەوە هەناردە دەکرێت.