لە 3570 کوردی ئێزدیی رزگاربوو تەنیا 450 کەسیان لە یاسای رزگاربووان سوودمەند بوون
رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر پەسندکردنی یاسای ئافرەتانی رزگاربووی ئێزدی و واژۆکردنی لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە، تاوەکو ئێستا لە کۆی 3570 رزگاربووی دەستی داعش، تەنیا 400 بۆ 450 کەسیان لە یاساکە سوودمەند بوون. بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێت: "بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، دەبێ گوشار بخرێتە سەر حکومەتی عێراق".
رۆژی 01-03-2021 پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ژمارە 38ـیدا لە وەرزی یەکەمی یاسادانانی ساڵی سێیەمی یاسادانان بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئامادەبوونی 180 پەرلەمانتار، یاسای ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکانی دەستی داعشی پەسندکرد.
تەنیا 450 کەس لە یاساکە سوودمەند بوون
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای گوشارێکی نێودەوڵەتی، یەکەم هەنگاو کە عێراق بۆ ئەو بابەتە نای (قەرەبووکردنەوەی ئەو کوردە ئێزدییانەی لە هێرشی داعشدا لە ساڵی 2014 رفێنران)، یاسای قەرەبووکردنەوەی ئافرەتانی ئێزدیی رزگارکراوی دەستی داعش بوو، کە لە چەند بڕگە و خاڵێک پێکدێت و هەموویان لە بەرژەوەندیی رزگاربووان و رزگارنەبووانیشدان.
حوسێن قائیدی گوتی "ساڵی 2021 ئەو یاسایە لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە واژۆکرا و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقیدا بڵاوکرایەوە، واتە دەبوو دوای سێ مانگ جێبەجێ بکرابا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ، تەنیا 400-450 کەس تۆمارکراون."
"لیژنەیەکی 11 کەسی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە پێکهێنراوە، تەنیا یەک کوردی تێدایە"
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش ئاماژەی بەوە کرد، "لیژنەیەکی 11 کەسی بۆ جێبەجێکردنی یاسای ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکانی دەستی داعش پێکهێنراوە، 10 ئەندامی لیژنەکە عەرەبن و تەنیا من کوردم تێیدا، لە سەرەتاوە من وەکو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو داواکارییەکانمانم روونکردەوە".
"مانگانە مووچەی زیاتر لە 3100 رزگارکراو دەفەوتێت"
بەگوتەی حوسێن قائیدی، هیچ کێشەیەکی داتا و زانیاری لەبارەی رزگارکراوانەوە نییە "هەمووی ئامادەیە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە دانی پێدانراوە، بەڵام ئاستەنگ بۆ ئەو یاسایە دروستکرا، هەر مانگێک تێپەڕێت و یاساکە جێبەجێ نەکرێت، واتە 3100 رزگارکراو مانگانە 800 هەزار بۆ یەک ملیۆن دیناریان دەفەوتێت".
لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاساکەش دەڵێت "یەکێک لە ئاستەنگەکان ئەوەیە؛ تەنیا پشت بە بەڵگەکانی ئێمە نابەسترێت. ئاستەنگێکی دیکە ئەوەیە ئەو کەسە دەبێت بچێتە بەردەم دادوەر و ئەو کارەساتەی بەسەریدا هاتووە هەمووی بگێڕێتەوە، ئەوکات ئەگەر دادوەر ویستی قبووڵی دەکات، نەشیویست رەتیدەکاتەوە".
بە بڕوای حوسێن قائیدی "دەبێ گوشار بخرێتە سەر حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە، چونکە بەڕاستی قوربانییەکان زۆر پێویستیان بەو مووچەیەیە".
هێرشی 3ـی ئابی 2014ـی داعش بۆ سەر شنگال
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و هەزاران کەسیشی رفاند. تاوەکو ئێستا 2713 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن کە 1270 کەسیان ژن و 1443 کەسیان پیاون.
لە هێرشەکەی 3ـی ئابی 2014ـی داعشدا، تەنیا شوێن ئێزدییەکان هانایان بۆ برد چیای شنگال بوو؛ ئەوانەی لە شەڕەکەدا هەڵاتن، روویان کردە چیای شنگال؛ دواتر لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان زۆرینەیان لە رێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویان کردە وڵاتانی دەرەوە.
تاوەکو ئێستا 3570 کەس لەو رفێندراوانە رزگارکراون کە 339 پیاو و 1214 ژنن و ئەوانی دیکەش منداڵی کچ و کوڕن.
یاسای ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکانی دەستی داعش
مادەی 2
یەکەم: رزگاربووانی ئێزدی ئەو ژن و کچانە دەگرێتەوە کە لە دوای 10/6/2014 رفێندراون و لە دوای ئەو کاتەوە ئازادکراون.
دووەم: ژن و کچانی پێکهاتەکانی (تورکمانی، مەسیحی، شەبەک) کە رووبەڕووی هەمان تاوان بوونەتەوە.
سێیەم: رزگاربووانی منداڵانی ئێزدی و ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە و رفێندراون.
چوارەم: رزگاربووانی ئێزدی، تورکمان و مەسیحی و شەبەک، لە پەلامارەکانی کوشتن و لەنێوبردن و کۆمەڵکوژیی داعش بۆ سەر ناوچەکانیان.
مادەی 3
بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی بۆ چاودێریکردنی رزگاربووان دادەمەزرێت، سەر بە ئەمینداریێتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت و بارەگاکەی لە پارێزگای نەینەوا دەبێت.
ماددەی 4
ئامانجی ئەم یاسایە بریتییە لە:
یەکەم: قەرەبووکردنەوەی رزگاربووان لە رووی مادی و مەعنەوییەوە
دووەم: سەرپێخستنەوە (شیاندنەوە) و چاودێریی رزگابووان
سێیەم: دابینکردنی ژیانێکی باش بۆ رزگاربووان
چوارەم: ئاوەدانکردنەوە و بووژاندنەوەی ژێرخانی ناوچەی رزگاربووان
پێنجەم: ئامادەکردنی میکانیزمی پێویست بۆ تێکەڵکردنەوەی رزگاربووان بە کۆمەڵگە
ماددەی 5
بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوە ئەم ئامانجانەی هەیە:
یەکەم: ئامار و ئامادەکردنی داتا لەبارەی ئەو ژن و کچانەی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە.
دووەم: پێشکێشکردنی چاودێریی پێویست بۆ رزگابووان و ئەوانەی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە.
سێیەم: هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لەپێناو پاڵپشتیکردن لە رزگاربووان.
چوارەم: دابینکردنی دەرفەتی خوێندنی تایبەت بە رزگاربووان.
پێنجەم: دابینکردنی دەرفەتی کار و خستنەسەرکاریان بۆ ئەوەی رزگاربووان لە ژیانێکی باشی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا بژین.
شەشەم: کردنەوەی ناوەندی تەندروستی و ئامادەکردن و شیاندنەوەی دەروونی و کارکردن بۆ کردنەوەی نۆرینگەی تەندروستی لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق.
مادەی 8
خەرجکردنی مووچەیەکی مانگانە کە بەکایەنی کەمەوە کەمترنەبێت لە دوو بەرامبەری مووچەی خانەنشینی، کە لە یاسای یەکگرتووی خانەنشینیدا هاتووە.
پێدانی زەوی نیشتەجێبوون یان یەکەی نیشتەجێبوونی بێبەرامبەر
لە دامەزراندن، پێشینە بدرێتە رزگاربووان و ئەوانەی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە
مادەی 10
رێککەوتی سێی ئابی هەموو ساڵێک دەکرێتە رۆژێکی نیشتمانی بۆ ناساندنی ئەو رووداوەی بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە، لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە.
مادەی 11
ئەنجامدەرانی رفاندن و بە کۆیلەکردنی ئێزدییەکان، هیچ لێبوردنێکی گشتی یان تایبەتی نایانگرێتەوە.
مادەی 12
وەزارەتی دەرەوە و کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، ناساندنی تاوانی کۆمەڵکوژی بەرامبەر ئێزدییەکان و تاوانەکانی دژی رزگاربووان دەگرنەئەستۆ لە کۆڕ و نێوەندە جیهانییەکان، بۆ هاوکاریکردن لە رادەستکردنی تاوانباران بەمەبەستی دادگاییکردنیان لە عێراقدا.
زیادکردنی ماددەیەکی نوێ بەپێی ریزبەندی لەبارەی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ سەیرکردنی داواکاریی ئێزدییەکان و ئەوانەی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەو لیژنەیەدا بەشدارە.