رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی بەخشینی بڕوانامە بە کەسێک کە تاوانبارە بە هاوکاریکردنی بکوژی مەلا هۆشیار ئیسماعیل رایگەیاند، "بابەتی خەڵاتکردنی بکوژی شەهید دکتۆر هۆشیار ئیسماعیل بە پێشێلێکی گەورەی هەیبەتی دادگە و سەروەریی یاسا دەزانین".
رۆژی سێشەممە، 2-8-2022، رێوڕەسمێک بۆ بەخشینی بڕوانامە بۆ ئەو حوکمدراوانە رێکخرا، کە لە زیندان خوێندنیان تەواو کردووە. دوو دەرچووی زانکۆ کە بەکالۆریۆسیان بە پلەی نایاب و زۆرباش تەواو کردبوو، بڕوانامەیان پێبەخشرا.
(س، س، ص) کە قوتابی زانکۆی لوبنانی فەرەنسی بوو، بەکالۆریۆسی لە کارگێڕیی کار بە پلەی نایاب بەدەستهێنا. ئەو بەهۆی هاوکاریکردنی بکوژی مەلا هۆشیار ئیسماعیل سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە. بۆیە بەخشینی بڕوانامە پێی، کاردانەوەی لێکەوتەوە.
ئەمڕۆ 03-08-2022 ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو لە روونکردنەوەیەکدا سەرکۆنەی ئەو کارە "نایاسایی و سەرپێچییە" دەکات و رایگەیاند، ئەو کارە "ئاسانکارییە بۆ تەشەنەکردنی تاوان و لە یاسا دەرچوون و رێگەخۆشکردنە بۆ پشێویی کۆمەڵایەتی، بەداخەوە لە جیاتی بەجێگەیاندنی سزای لە سێدارەدان بۆ بکوژان، خەڵاتدەکرێن".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەوەی کراوە لەم کەیسەدا ، لەجیاتی بکوژ لەسێدارە بدەن، خەڵاتی دەکەن و لە راگەیاندن شانازی پێوە دەکەن، ئەوە مایەی استفزاز و سووکایەتیکردنە بە بنەماڵە و زانا و قوتابی و هاوکارانی شەهید دکتۆر هۆشیار." هەروەها ئەوەش هاتووە، "بەداخەوە چەندان جار دەسەڵاتداران بەڵێنی جێبەجێکردنی سزای سێدارەدانیان دا بۆ بکوژانی دکتۆر هۆشیار، بەڵام نەک جێبەجێیان نەکرد، بەڵکو خەڵاتیان کرد".
هەر سەبارەت بە بەخشینی بڕوانامە بەو سزادراوە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا هاتووە: "بەخشینی بڕوانامە، کەمکردنەوە یان لێخۆشبوون نییە لە سزا، تەنیا پاڵپشتیی مەعنەوییە بۆ ھەموو سزادراوان."
ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو داوا لە داواکاری گشتی دەکات ئەو "بێڕێزییە" بە بڕیارەکانی دادگە قبووڵ نەکەن و "دەسەڵاتداران چیدیکە سووکایەتی بە مافی ستەملێکراو و بڕیارەکانی دادگە نەکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ