میری ئێزدییان: کوردستان و ئێزدییەکان هەرگیز لە یەکدی جوودانابن
رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای سێمێل یادی هەشت ساڵەی هێرشی داعش و کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان کرایەوە. نێچیرڤان بارزانی چووە سەر ستەیج گوتی، بەڵێنیان داوە تا کچ و منداڵ و پیاوێکی ئێزدی لە دەستی داعش مابێ ناوەستن تا رزگاری دەکەن.
رۆژی چوارشەممە 03-08-2022 لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە سێمێل رێوڕەسمێک بەڕێوەچوو، لە رێوڕەسمەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و دواتر چەندین چالاکی و نمایشی دیکە بەڕێوەچوون.
میر حازم، میری ئێزدییان بە رووداوی راگەیاند، "زۆر سوپاسی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەکەین زۆر قسەی باشی کرد، ئێمەش قسەکەی ئەو دەکەینەوە، کوردستان و ئێزدییەکان یەکن، هەرگیز لە یەکدی جودا نابن".
خەڵکێکی زۆر لە شنگالەوە چوون و بەشداریی رێوڕەسمەکەیان کرد، بەشێک لەو کچانەی لە نێو هۆڵەکەدا دانیشتبوون، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرابوون و دواتر رزگارکرابوون.
لە رێوڕەسمەکەدا پانۆرامای کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان نمایش کرا، کچەکان لە بازاڕی رەقە بە عەبای رەشەوە دەرکەوتن ئەو کاتەی داعش کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکردن، دواجار رووناکییەک دەرکەوت پێشمەرگە شنگال رزگار دەکەن و، گڵۆپەکان کرانەوە هەموو هەستانە سەر پێ و بوو بە چەپڵەڕێزان.