ئومێد خۆشناو: خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک دەتوانن مامەڵەی دروستکردنی خانوو بکەن


رووداو - هەولێر

ئاوەڕۆی لوولەیی بۆ بەشێک لە زەوییەکی کەرتی هەشتی حەسارۆک دروستدەکرێت؛ پارێزگاری هەولێر دەڵێت، خاوەن زەوییەکان دەتوانن مامەڵەی دروستکردنی خانوو پێشکێش بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە 3ی ئابی 2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پڕۆژەی دروستکردنی بەشێک لە ئاوەڕۆی سندووقی و لوولەیی بۆ بەشێک لە شەقامی 60مەتریی زەوییەکانی کەرتی 8ی حەسارۆک وەک قوناخی یەکەم، لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەخرێتە تەندەره‌وه‌، تاوەکو لەزووترین کاتدا دەستبکرێت بە کارکردن و دروستکردنی".
 
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا دوو بیر بۆ زەوییەکان لێدراون و بەگشتی بودجەی چوار ملیار دینار خزمەتگوزاریی پێشکێش کراوە بۆ ریگەوبان و ئاو و ئاوەڕۆ.
 
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "ئێستا نەخشەی زەوییەکان روونە و سەرە بلۆکەکان دیارن و خەڵک دەتوانن مامەڵە بکەن بۆ رێپێدان بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییەکانیان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی چاودێریی پرۆسەکە دەکات و پارێزگار و سەرۆکی شارەوانیی هەولێری بۆ راییکردنی کارەکان راسپاردووە".

 

 
بەگوێرەی نووسراوێکی پارێزگاری هەولێر، دوایین کات بۆ گەڕانەوەی تەندەر لە لایەن بەڵێندەرەکانەوە 23ی ئابی 2022 دەبێت.
 
زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك نزیكەی 16 هەزار پارچە زەوی دەبن، ‏لە بەشی رۆژهەڵاتی هەولێر‌ و لە نزیك رێگەی كەسنەزانە، ماوەی چەند ساڵێکە دابەشکراون، بەڵام تائێستا خزمەتگوزارییان بۆ دابین نەکراوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەری 2021 رەزامەندی دا بە خەرجکردنی بڕی 371 ملیۆن دینار بۆ دانانی دیزاینی ئاو و ئاوەڕۆکانی گەڕەکی 8ی حەسارۆک لەهەولێر.