سەرچاوەیەک لە دادگەی سلێمانی: فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهوور شێخ جەنگی دەرچووە


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە دادگەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهوور شێخ جەنگی دەرچووە. لە گوتەیەکیشدا بۆ بەشێک لە لایەنگرانی لە ماڵەکەی خۆی، لاهوور شێخ جەنگی هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.

ئەو سەرچاوەیە بە تۆڕی میدیایی رووداویشی راگەیاند "فەرمانی دەستگیرکردنەکە بۆ لاهوور شێخ جەنگی پەیوەندیی بە هەمان ئەو دۆسیەوە هەیە کە رۆژی 27ی مانگی پێشوو تێیدا فەرمانی دەستگیرکردن دەرکرا بۆ هەریەکە لە پۆڵاد شێخ جەنگی و ئاسۆ شێخ جەنگی و ئەفسەرێکی باڵای ئاسایش بەناوی ئەحمەد".

ئاماژەی بەوەش کرد، "هەر دوێنێ لاهوور شێخ جەنگی لەلایەن دادوەرەوە گوتەی لێ وەرگیراوە".
 
لاهوور شێخ جەنگی لە گوتەیەکیدا بۆ لایەنگرانی کە چوونەتە ماڵەکەی، هەواڵی فەرمانی دەستگیرکردنەکەیی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت "بە تۆمەتی کۆکردنەوەی میلیشیا و چەکدار" فەرمانەکە دراوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەیە بچێتە بەردەم دادگە.
 
فەرمانی دەستگیرکردنەکە بەپێی ماددەی 430 لە یاسای سزادانی عێراقی بووە، کە بەپێی ئەو یاسایە، هەر کەسێک هەڕەشە بکات لە کەسێکی دیکە بەوەی کە هەڵدەسێت بە ئەنجامدانی تاوانێک دژی خۆی یان ماڵەکەی یان کەسێک و ماڵی کەسێکی دیکە، یان بەکارهێنانی بابەتی پەیوەندیدار بە "شەرەف"، یان درکاندنی نهێنییەک، هەروەها وابەستەبوون بە داواکردنی ئەنجامدانی کارێک یان رێگریکردن لە ئەنجامدانی کارێک، سزا دەدرێت بە زیندانی بۆ ماوەیەک کە لە 7 ساڵ زیاتر نەبێت یان بە بەندکردن.

بۆ روونکردنەوەی زیاتری دۆسییەکە، رووداو پەیوەندی بە حاکم کامەران، گوتەبێژی دادگەی سلێمانییەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.

ئەم رووداوانە دوای رووداوەکانی 8ی تەممووزی 2021 دێت کە تێیدا کێشە کەوتە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە و کێشە و ناکۆکییەکانیان بەردەوامیی هەیە.